بەکر رەشید بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە لە نەخۆشخانەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەکر رەشید، ئەکتەر و دەرهێنەری بواری شانۆ و دراما، بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە ئێستا لە نەخۆشخانەیە، لەدوای تێکچوونی باری تەندروستیی لە چەند رۆژی رابردوو، ئەمڕۆ تەندروستیی باشترە.
نیاز نووری، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە سەردانی هونەرمەند بەکر رەشیدی کردووە و باری تەندروستیی باشتر بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چەند رۆژێک بوو باری تەندروستیی ئەو هونەرمەندە باش نەبوو، بەڵام لە دوای وەرگرتنی چارەسەری، ئەمڕۆ تەندروستی بەرەو باشتر چووە.
روونیشیکردەوە، ئەوان وەک سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بەردەوام سەردانی هونەرمەندان دەکەن.
تەها مەحموود رەشید، وێنەیەکی خۆی لەگەڵ هەردوو هونەرمەند بەکر رەشید و نەرمین کاوانی لە نەخۆشخانە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە.
بەکر رەشید، لە 1976ـەوە هاتووەتە نێو دنیای هونەر و وەک ئەکتەرێکی شانۆیی کاری کردووە، 'ئابلۆقە' یەکەم بەرهەمی شانۆیی بووە رۆڵی تێدا بگێڕێت، ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی بووە، لە 1989 لەرێگەی شانۆگەری 'قەرەج' خاڵاتی باشترین دەرهێنەری شانۆیی لە فێستیڤاڵی شانۆیی لە عێراق بەدەستهێناوە.
لە 1996 چووەتە ئەوروپا و لە ئەڵمانیا نیشتەجێبووە، لەو وڵاتە شانۆگەری 'لە چاوەڕاونی شەممەدا' لە ئامادەکردن و دەرهێنانی خۆی نمایشکردووە، شانۆگەرییەکی دیکەی بەناوی 'تابلۆیەک لە خۆڵەمێش' لە سوێد نمایشکردووە.