کوردێکی رۆژئاوا لەبواری فاشیەن دیزایندا دەبێتە مانشێتی رۆژنامەکانی ئەورووپا

رووداو دیجیتاڵ 

کوردێکی رۆژئاوای کوردستان لە شاری بیزانسۆنی فەرەنسا کاری دیزایینی جلوبەرگ دەکات و خوازیارانی جلوبەرگی لە خۆی کۆکردووەتەوە. 
 
فەرزەند حەبیب لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستی بە دیزایینی جلوبەرگ کردووە. ئەو لە ساڵی 2000 دا لەبەر بارودۆخی ئابووری و سیاسیی رۆژئاوای کوردستان، نیشتمانی خۆی بەجێهێشت. 
 
فەرزەند لەبارەی دەستپێکردنی کارەکەی دەڵێت، "چوومە لوبنان و بۆ ماوەی 15 ساڵ لەوێ کارم کرد. لەگەڵ زۆر دیزایینەری مەزن کارم کردووە". 
 
فەرزەند دوای ئەوەی دەچێتە لوبنان، دۆخی ئابووری و سیاسیی رۆژئاوای کوردستان تێکدەچێت و کەڵکی کاری دییزاینی جلوبەرگی نامێنێت، چونکە کارەکە پێویستی بە سەقامگیریی ئابووریی و سیاسی هەیە. 
 
فەرزەند روو لە فەرەنسا دەکات، کە بە لانکەی پیشەسازی دیزایینی جلوبەرگ  دەناسرێت. لە شاری بیزانسۆنی فەرەنسا دووکانێک بە کرێ دەگرێت و لەماوەیەکی کەمدا نێوبانگی زۆر پەیدا دەکات.
 
سیمیەن ریزاردۆ بۆنسێل، هاووڵاتیی فەرەنسی دەڵێت، "کاری فەرزەند زۆر زۆر باشە. زۆر حەزم لەم چاکەتەیە ناوازەیە، کەمەرێکی جوانی هەیە، رەنگەکەی جوانە، فەرزەندە جلوبەرگی زۆری بۆ من دووریوە. ئەو لێرە زۆر ناسراوە، کەسێکی زیرەکە، جلوبەرگی بۆ زۆر کەس دووریوە، لێرە هەموو کەس دەیەوێت فەرزەند جلوبەرگی بۆ بدوورێت."
 
دیزایینەرە کوردەکەی رۆژئاوای کوردستان لە شاری بیزانسۆن دوو جار نمایشی جلوبەرگی بەڕێوەبردووە. یەکەمیان لە ساڵی 2019 و دووەمیان لە ساڵی 2024. 
 
ئەو دەڵێ، "لە یەکێک لە نمایشەکاندا 35 مۆدێل و لەوەی دیکە 12ـم پێشکێشکرد. بەڕاستی زۆر باش بوو زۆر کەیفم پێهات، لەدوای ئەوەوە کارەکەم رۆژ بە رۆژ باشتر دەبێت".
 
کارەکەی فەرزەند وایکردووە، ببێتە جێی باسی گۆڤار و رۆژنامە بەنێوبانگەکان. 
 
فەرزەند دەڵێت، "لە چەندین گۆڤار کارەکانم پێشاندراون، ئیتاڵی، ئیسپانی، ئەمریکی و فەرەنسی." باسی گۆڤاری ڤۆیس دەکات کە لە تەواوی ئەورووپا نێوبانگی هەیە و کارەکانی ئەوی پێشانداوە هەروەها دەڵێ "ئەمە گۆڤاری کلێری ئەمریکییە و کارەکانی منی پێشانداوە." 
 
پیشەسازیی جلوبەرگ لە فەرەنسا بە نزیکەی 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. زیاتر لە 400 ملیار دۆلاری لە بواری فاشیەن و دیزایین دایە. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کولتووری فەرەنسا؛ ئەم پیشەسازییە زیاتر لە 600 هەزار هەلی کاری فەرمیی رەخساندووە و بەگشتیش بە نزیکەی یەک ملیۆن هەلیکار دەخەمڵێنرێت.
 
پیشەسازییەکە لەم چەند ساڵەی رابردوودا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە. لەنێویاندا کۆرۆنا، کێشە ئابوورییەکانی فەرەنسا و شەڕی ئۆکراینا. 
 
لیلی بیسی، فرۆشیاری جلوبەرگە و دەڵێت، "پێموایە بەرهەمهێنان و دوورینی جلوبەرگ دژوارە، چونکە تێچووی بەرهەمهێنان زۆرە. بۆیە لێرە لە فەرەنسا دیزایین دەکرێ و لە ئیتاڵیا یان وڵاتانی دیکە دەیاندوورن".
 
سەرباری ئاستەنگەکان، فەرەنسا لەبوای پیشەسازیی جلوبەرگ، نموونەی جوانی، نوێگەری و بیرۆکەی نوێیە. ئەمەش وایکردووە لە سەرانسەری جیهان خەڵکی خوازیاری جلوبەرگی فەرەنسی بن.