کیم کارداشیان و کانیێ وێست لە لێواری جیابوونەوەن


رووداو دیجیتاڵ

کیم کارداشیان، کەسایەتیی بەنێوبانگی ئەمریکی و کانیێ وێستی هاوژینی کە راپەرێکی ئەمریکییە دوای شەش ساڵ دەیانەوێت لە یەکدی جیاببنەوە.
 
کیم کارداشیان تەمەنی 40 ساڵانە، ساڵی 2014 لەگەڵ وێستی 43 ساڵان ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵن. چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کیم کارداشیان بە میدیاکانی ئەمریکایان گوتووە کە ئەگەری جیابوونەوەیان 100%ـە تەنیا کاتەکەی دیار نییە و، هەروەها سەرچاوەکان دەشڵێن، کارداشیان داوای لە پارێزەرەکەی کردووە دۆسییەکە بەرەو پێشەوە ببات.
 
کیم کارداشیان خاوەنی نزیکەی 900 ملیۆن دۆلارە، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەی لەڕێگەی رێکلامکردن و کاری هونەرییەوەیە. کانیێ وێستیش خاوەنی نزیکەی ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلارە کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەی لەڕێگەی کۆنسێرت و فرۆشتنی بەرهەمە هونەرییەکانیەوەیەتی.
 
سەرچاوەکەی نزیک لە کارداشیان ئاماژە بەوە دەکات کانیێ "نەخۆشیی دەروونی هەیە" و دەڵێت: "کیم زۆر جیددییە لەوەی کە جیاببێتەوە، چونکە لەم ساڵانەی رابردوو زۆر سەختی بەدەست کانیێوە بینیوە و ئێستا بەتەواوی گەورە بووە و لەوە تێدەگات کە دەبێت جیاببنەوە".
 
سەرچاوەیەکی دیکە کە نزیکە لە کانیێ وێست باسی دۆخی کانێی دەکات و دەڵێت: لەم ساڵانەدا کانیێ زۆر بێزار بووە لە فیلمەکانی کارداشیان، چونکە هەموو کاتەکانی بۆ کارکردن لەسەر فیلمەکان دابیندەکات و هیچ کاتی بۆ خێزانەکەی نامێنێت.
 
کیم و هاوژینەکەی چەند مانگێکە پێکەوە ناژین، سەرچاوەیەکی نزیک لە کیم کارداشیان دەڵێت: کیم داوای لە کانیێ کردووە کە بچێتە خانوویەکی دیکە بۆ ئەوەی هەردووکیان بە ئاسوودەیی بژین، ئێستاش دەزانێت کە هەموو شتێک تەواو بووە.