'جیران'ـی مانۆ خەلیل خەڵاتی باشترین فیلمی لە فێستیڤاڵی کانگنۆن وەرگرت


رووداو دیجیتاڵ

نوێترین بەرهەمی سینەمایی مانۆ خەلیل دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان بەناوی 'جیران'، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانگنۆن لە کۆریای باشوور نمایشکرا و خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی بەدەستهێنا.


چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانگنۆن لە 22 تاوەکو 31 تشرینی یەکەمی 2021، لە ناوچەی کانگنۆن لە کۆریای باشوور بەرێوەچوو، تێیدا 116 فیلم لە 42 وڵاتەوە بەشداربوون.

مانۆ خەلیل لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکە و بەخشینی خەڵاتەکە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و بە رووداوی راگەیاند، خەڵاتەکە 20 ملیۆن وۆنی کۆری بوو کە دەکاتە 17 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکەی ئێستا لە سینەماکانی سویسرا نمایشدەکرێت و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لە سینەماکانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەڵمانیاش نمایشبکرێت.

'جیران' لە نووسینی و دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، تێیدا باس لە چیرۆكی منداڵێكی كورد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەکات كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە و ژمارەیەک ئەکتەری کورد، عەرەب و جیهانی تێیدا بەشدارن.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە چەندین فێستیڤاڵ بەشداربووە و بۆ 50 فێستیڤاڵی دیکەی سینەمایی بانگهێشتکراوە و خەڵاتی باشترین فیلمی 2021 لە سویسرا پێبەخشراوە و بڕیارە لە 15 ئەم مانگە خەڵاتەکە رادەستی دەرهێنەرەکەی بکرێت.

مانۆ خەلیل خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە لە 1996ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە، لەوانە 'پەرەسێلكە'، 'حافیز و مارا'، 'ئەنفال'، 'دایڤید تولهیلدان'، 'زیندانەكەم، ماڵەكەم'، 'باخچەكانی بەهەشت' و 'تامی هەنگوین' و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.