ئال پاچینۆی 83 ساڵ بەهۆی گومانی لە دووگیانبوونی خۆشەویستەکەی پشکنینی DNA کرد

رووداو دیجیتاڵ

ئال پاچینۆ، ئەکتەری نێوداری ئەمریکی تووشی شۆک بووە کە لە تەمەنی 83 ساڵیدا زانیویەتی خۆشەویستە 29 ساڵییەکەی دووگیانە، بۆیە داوای پشکنینی DNAـی کردووە بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لەوەی کۆرپەی سکی نوور فەلاح-ی بەرەچەڵەک کوەیتی، لە خۆیەتی.
 
گومانەکانی ئال پاچینۆ لە دووگیانبوونی خۆشەویستەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە، نوور فەلاح پێشتر لەگەڵ هەریەک لە میک جاگەر و کلینت ئیستوود پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی TMZـی ئەمریکی؛ ئال پاچینۆ دوای ئەوەی تووشی چەند کێشەیەکی تەندروستی بووە، وای زانیوە ئیدی توانای منداڵ خستنەوەی نەماوە، بەڵام پشکنین کراوە و دەریخستووە، خۆی باوکی منداڵەکەیە.
 
نوور فەلاح ئێستا لە مانگی هەشتەمی دووگیانییەتی، بەمەش مانگێکی دیکە منداڵەکەی دەبێت و ئال پاچینۆ دەبێتە باوکی، منداڵەکەش دەبێتە چوارەم منداڵی ئال پاچینۆ. 
 
ئال پاچینۆ باوکی سێ منداڵە، یەکەمیان جولی ماری تەمەن 33 ساڵ، هەروەها دوو منداڵی دووانەی هەیە بەناوەکانی ئەنتوان و ئۆلیڤیا، کە تەمەنیان 22 ساڵە.
 
ئەمە دوایین هەواڵی سەرسوڕهێنەری دەرەوەی سەکۆی سینەمای هۆڵیوودە دوای ئەوەی 9ـی ئایاری ئەمساڵ، رۆبێرت دی نیرۆ، ئەکتەری ئەمریکی لە تەمەنی 79 ساڵیدا بوو بە باوک.
 
ئال پاچینۆ و نوور فەلاح نزیکەی ساڵێکە پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوانیاندا هەیە.
 
ئال پاچینۆ لە 25ـی نیسانی 1940 لە ئەمریکا لە دایکبووە، بە یەکێک لە کاریگەرترین ئەکتەرەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە؛ ئۆسکار، دوو خەڵاتی تۆنی و دوو خەڵاتی پرایم تایم ئێمی.