دڵنیا قەرەداخی بۆ رووداو: سەلامەتم و بەمنزیکانە بەرهەمی نوێ بڵاودەکەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی کۆچی دوایی دڵنیا قەرەداخی بڵاوکرایەوە، شەوی رابردوو براکەی و ئەمڕۆش خودی هونەرمەندەکە دەنگۆکانیان رەتکردەوە. هونەرمەندەکە دەڵێت، بەمنزیکانە بەرهەمی نوێ بڵاودەکاتەوە.
خانمە هونەرمەند دڵنیا قەرەداخی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەلامەتە و ژیانێکی ئاسایی دەژی، ئێستا لە قاهیرەیە و سەرقاڵی بەرهەمێکی نوێیە.
ئەو خانمە هونەرمەندە رەخنەی لەو پەیج و میدیایانە دەگرێت کە بۆ "ئەکتیڤ و تێچێن" رۆحی مرۆڤ دەکوژن و دەڵێت، "سەلامەتم و ژیانێکی ئاسایی بەڕێدەکەم."
ئەو هونەرمەندە ئێستا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گۆرانییەکە بە زمانی عەرەبی بە ناوی "ئەمووت وە ئەحیا" کە لە تێکستی شاعیر سەلیم مەرزوق و ئاوازی ئەبو فەهدە. دڵنیا دەڵێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرهەمەکەی بڵاودەبێتەوە.