شارۆخ خان لە رۆژی لەدایکبوونیدا دیمەنی نوێترین فیلمی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونی، یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەمای بۆلیوود و جیهانە کە لەلایەن هۆگرانییەوە بە 'شای بۆلیوود' ناسراوە، ئەویش شارۆخ خانە و بەم بۆنەیەوە دیمەنی نوێترین فیلمی بڵاوکردەوە.
 
ئەو ئەکتەرە ئەمڕۆ چوارشەممە 2 تشرینی دووەمی 2022 تەمەنی بووە 57 ساڵە و لەو رۆژەدا ترەیلەری نوێترین فیلمی بەناوی 'Pathaan' لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە.
 
شارۆخ خان، رایگەیاند، ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 25 کانوونی دووەمی 2023 لە سینەماکان بڵاودەکرێتەوە.
 
لە فیلمەکەدا شارۆخ خان، رۆڵی کارەکتەری 'باسان' دەگێڕێت و لە ماوەی حەوت کاژێردا لە یوتیوب، ترەیلەری فیلمەکە زیاتر لە حەوت ملیۆن و 200 هەزار بینەری هەبووە.
 
لەم بەرهەمەدا جگە لە شارۆخ خان، هەریەک لە دیپیکا پادکۆن و جۆن ئەبراهام رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و لە دەرهێنانی سیدهارت ئانەندە.
 
شارۆخ خان، لە 2 تشرینی دووەمی 1965 لە نیودلهیی هیندستان لەدایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، سەماکار و بازرگانە، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت و سامانەکەی 600 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
 
دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی چەند زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی هیندی بووە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، لەوانە زنجیرەی 'Fauji' و زنجیرەی 'Dariya Dil' کە لە 1988 و 1989 بەرهەمهاتوون، دوایین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیش رۆڵی تێیدا گێڕابێت، زنجیرەی 'Idiot' بوو لە 1991.
 
'Deewana' یەکەم فیلمی ئەو ئەکتەرە بوو لە سینەمای بۆلیوود و لە 1992 بڵاوکرایەوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا و خەڵاتی باشترین ئەکتەری تازە پێگەیشتووی لە هیندستان پێبەخشرا.
 
لە دوای رۆڵگێڕان لە چەندین بەرهەمی سینەمایی، لە 1999 رووی لە بەرهەمهێنانی سینەمایی کرد و چەند فیلمێکی بەرهەمهێنا، لەلایەکی دیکەوە، ئەو فیلمانەی رۆڵی تێدا گێڕا، بە فیلمی سەرکەوتوو لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە ناسێندران و لەلایەن رەخنەگرانی بواری سینەما بە فیلمی سەرکەوتوو ناسراون.
 
شارۆخ خان، لە زیاتر لە 80 فیلم و هەشت زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی گێڕاوە، لە 2007 وەک یەکێک لە 50 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان لە گۆڤاری 'نیوز ویک' و لە 2010 ناوی لە ریزبەندی 12ـی لیستی کاریگەرترین کەسایەتی جیهانی گۆڤاری 'تایم'ـدا هات.
 
ویڵ سمیس، ئەکتەری ئەمریکی، لەدوای بینینی فیلمی 'Devdas'ـی شارۆخ خان، لەبارەی ئەو ئەکتەرەوە گوتی: "منی گریاند، کاتێک کە فیلمی 'Devdas'ـم بینی"، گوتیشی "نازانم چۆن دەریببڕم، بەڵام ئەکتەرێکی لێهاتووە".
 
کەیت وێنسڵێت، ئەکتەری ئەمریکی، لەبارەی ئەو ئەکتەرەوە دەڵێت، لە فیلمی 'Devdas' لە فێستیڤاڵی کان بینیویەتی و بە نواندنی سەرسام بووە، گوتیشی "بەڕاستی ئەستێرەیەکی خاوەن تایبەتمەندی تایبەتە و سەختە ئەکتەری بەو پێوەرە بدۆزییەوە".
 
سەلما حایک، ئەکتەری مەکسیکی، لەبارەی شارۆخ خان دەڵێت، نواندنی ئەو ئەکتەرەی بە دڵە و هیوای ئەوە دەخوازێت لە داهاتوودا پڕۆژەی فیلمێک کۆیان بکاتەوە.