ڤیدیۆگرافیکێک لەبارەی درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بڵاودەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان بەرهەمیان لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە، سەیوان تەڵعەت ئەسعەد فۆتۆگرافەرە و بەرهەمێکی ڤیدیۆگرافی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە.
 
سەیوان تەڵعەت ئەسعەد (21 ساڵ)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان کە لە 25ـی تشرینی دووەمی 2022 بوو، بەرهەمێکی ڤیدیۆگرافی بۆ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەناوی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرهەمهێناوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی دەکاتەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "هەروەها دەمەوێت لەرێگەی ئەم پڕۆژەیە ئازاری خوشک و ئافرەتانی رۆژھەڵاتی نێوەراست پێشانبدەم، هەروەها لە ڤیدیۆکانم ئەوە پێشانبدەم کە پیاو یاخود رەگەزی نێر ھەموو کات لە پشتی خانمانن، چونکە خانمان دایک، خوشک، هاوژین و ھاوپیشەمانن".
 
روونیشیکردەوە، ئامانجی ئەوەیە پەرە بە توانەکانی خۆی وەک گەنجێک و گەنجانی دیکە لە بواری فۆتۆگرافی و دیجیتاڵی بدات و ژینگەیەکی باش لە رووی دەرکەوتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕەخسێنێت و بەکارهێنەرانی سوودمەند بن.
 
سەیوان تەڵعەت ئەسعەد، لە سەرەتای 2016 دەستی بە کاری فۆتۆگرافی کردووە و چەندین بەرهەمی بەشێوەی ڤیدیۆگرافی بڵاوکردووەتەوە.