نێتفلێکس یەکێک لە گرنگترین چیرۆکەکانی ونبوون بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتال

'The Imposter' یەکێک لەو بەڵگەفیلمانەیە کە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا زۆرترین قسە و باسی بەدوای خۆیدا هێنا، بەم دواییە ئەم بەرهەمە لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زیاتری بۆ دروستبووە.
 
ئەم بەرهەمە باس لە نیکۆڵاس بارکلی تەمەن 13 ساڵ دەکات لە تیکساسی ئەمریکا، لە 1994 لە دوایی یارییەکی باسکە لە سان ئەنتۆنیۆ ناگەڕێتەوە ماڵەوە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان لە دوای لێکۆڵێنەوەی زۆر؛ گریمانە دەکەن کوژرابێت، لەگەڵ ئەوەش تەرمەکەی نەدۆزرایەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەبارەیەوە نەکرا.
 
لە 1997 پەیوەندی بە ماڵباتی بارکلییەوە کرا کە کوڕەکەیان زیندووە و لە ئیسپانیا دۆزراوەتەوە، دواتر گەڕایەوە لای ماڵباتەکەی، بەڵام پێشوازییەکی گەرم لە گەڕانەوەی نەکرا، چونکە شێوەی لە کوڕەکەیان نەدەچوو، بەڵام پێدەچوو ماڵباتەکە، هێندە پەرۆشی ئەوە بوون کوڕەکەیان زیندوو بێت، هەوڵیاندا بروا بەخۆیان بهێنن ئەو کەسە کوڕەکەیانە.
 
دڵخۆشی ماڵباتی بارکلی بەردەوام نەبوو، لەدوای ئەوەی ئەو کەسە ئاشکرای کرد کە ئەو بارکلی نییە و ناوی فرێدریک بۆردانە و تەمەنی 23 ساڵە. 
 
لە بەڵگەفیلمەکەدا، ماڵباتی بارکلی باس لە رووداوەکانی چوارچێوەی ئەو چیرۆکە دەکەن کە بە یەکێک لە نهێنیترین تاوانەکانی ونبوون دەناسرێت.
 
ئەم بەرهەمە هەرچەند لە 2012 بڵاوکرایەوە و لە یوتیوب بەردەستە و پێشتر خەڵاتی بافتای بەدەستهێناوە، لەدوای بڵاوکردنەوەی لە تۆڕی نێتفلێکس دووبارە قسە و باسی بە دوای خۆیدا هێناوەتەوە و بەشێک لە بینەرانی باسیان لەوە کردووە، شێتانەترین بەرهەمە تاوەکو ئێستا بینیبیێتیان و بەشێکیش دەڵێن، بینەر ناتوانێت پێشبینی رووداوەکانی ئەم بەرهەمە بکات و تووشی هەناسەبڕکێیان دەکات.