لە 2022ـدا چوار کەسایەتی دیاری بواری دیزاین کۆچی دواییانکرد

رووداو دیجیتاڵ

لە جیهانی فاشن و دیزایندا، رووداوی زۆر هەبوون، لەوانە بەڕێوەچوونی گرنگترین هەفتە نمایشەکانی جلوبەرگ لە پاریس، نیویۆرک، لەندەن و رۆما و خستنەڕووی داهێنان و دیزاینەکانی دیزاینەرانی جیهان بوو، بەڵام بەشێک لەو کەسانەی جێ پەنجەیان لە جیهانی دیزاینی جلوبەرگ و فاشندا هەبوو، لە 2022ـدا ماڵئاواییان لە ژیان کرد.
 
هانای مۆری، بە یەکێک لە ئەفسانەکانی بواری دیزاینی جلوبەرگ لە جیهاندا دەناسرێت و لە دیزاینەکانیدا وێنەی پەپوولەی بەکارهێناوە بۆیە بە 'خانم پەپوولە' ناسراوە و ژمارەیەک زۆر لە کەسایەتییە ناودارەکان دیزاینەکانی ئەویان پۆشیوە، لەوانە، هێلاری کلنتن، سیاسەتمەداری ئەمریکی.
 
هەرچەند لە چەند ساڵی رابردوو ئەو دیزاینەرە ژاپۆنییە رووبەڕوو کێشەی دارایی بووەوە و بەهۆیەوە لە 2004 شوێنی بەرهەمهێنانی براندەکەی لە فەرەنسا فرۆشت، بەڵام تاوەکو ئێستا چەند شوێنێکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە ژاپۆن هەن و بۆنە تایبەتەکەی لە سەرتاسەری جیهاندا دەفرۆشرێت.
 
ئەو دیزاینەرە جیهانییە لە 8ـی کانوونی دووەمی 1926 لە دایکبووە و لە 11ـی ئابی 2022 کۆچی دواییکرد.
 
ئیسی مەیاکی، 50 ساڵ لەو بوارەدا کاری کرد، چەند کەرستەیەکی لە دیزاینی جلوبەرگەدا بەکارهینا کە پێشتر لەو بوارەدا بەکار نەهاتبوون، لە پێناو ژینگەیەکی باشتر؛ بانگەشی بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی کەرستە بەکارهاتووەکان دەکرد و بەشێک لە دیزاینەکانی لە مۆزەخانەکانی جیهان خراونەتەڕوو. 
 
ئەو دیزاینەرە ژاپۆنییە، لە 22ـی نیسانی 1938 لە دایکبووە و لە 5ـی ئابی 2022 کۆچی دواییکرد.
 
تێری موگلەر، شۆڕشێکی لە بواری فاشن و جلوبەرگدا بەرپا کرد، ئەویش لە رێگەی ئاوێتەکردنی رۆشنبیری پۆپ و دیزاینی سێگۆشە پێچەوانییەکان و براندێکی بەناوی خۆی لەو بوارەدا دامەزراند، لە 1992 بۆنێکی بەناوی 'Angel ' بڵاوکردەوە کە بووە یەکێک لە بۆنە پڕفرۆشەکانی سەدەی بیستەم.
 
تێری موگلەر، دیزاینەری فەرەنسی لە 21ـی کانوونی یەکەمی 1945 لە دایکبووە و لە 23 کانوونی دووەمی 2022 کۆچی دواییکرد.
 
ئاندریە لیۆن تەلی، رۆژنامەڤانی ئەمریکی، ئەگەرچی دیزاینەری بواری جلوبەرگ و مۆدە نەبووە و وەک رۆژنامەڤانێک لەو بوارە کاری کردووە، بەڵام ناوبانگییەکی زۆری لەو بوارەدا بەدەستهێناوە و خاوەنی سێ کتێبە لە بواری فاشن و دیزایندا.
 
ئاندریە لیۆن تەلی، رۆژنامەڤانی بواری دیزاین و جلوبەرگ لە 16ـی تشرینی یەکەمی 1948 لە دایکبووە و 18ـی کانوونی دووەمی 2022 کۆچی دواییکرد.