ئەمساڵ لەبەر سروود كەس لە گۆرانی ئەڤینداری نەپرسی

رووداو- هەولێر

دەكرێت ئەمساڵ بە ساڵێكی شووم بۆ هونەر لە كوردستان پێناسە بكرێت، چونكە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی ئابووریی كوردستان، زەوقی هونەریی خەڵكیش تێكچووە و كەس گوێ‌ لە گۆرانی ئەڤینداری و هەڵپەڕكێ‌ ناگرێت، هەر بۆیەش ئەم جۆرە گۆرانیانە كەمترین فرۆشیان هەبووە. بەڵام لەبەرامبەردا سرودی نیشتیمانی بازاڕی گەرم بووە.

وەك نەریتێك هەفتەنامەی (رووداو) لە كۆتایی هەموو ساڵێكدا لە رێگەی تۆمارگەكانەوە بەدواداچوونی بۆ فرۆشی بەرهەمی هونەرمەندان كرد، هەموو ساڵێك دەردەكەوت كە بەرهەمی چ هونەرمەندێك لەسەر ئاستی كوردستان و پارێزگاكان پڕفرۆشترین بووە، بەڵام ئەمساڵ جگە لەوەی هونەرمەندان بەرهەمیان نەبوو، ئەوەی پێشتریش تۆماریان كردووە، كەم كەس لێی پرسیوە.
زۆر لە هونەرمەندان لە لێدوانەكانیاندا دەڵێن وەكو رێزگرتنێك لە خوێنی ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی داعشدا شەهید بوون،  بەرهەمە هونەرییەكانیان بۆ دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكە هەڵگرتووە و بەشی زۆریان بە سروود پشتیوانی خۆیان بۆ پێشمەرگە دەردەبڕن و هاوسۆزیش بۆ كەسوكاری شەهیدان نیشان دەدەن.

كەس لە بادینان ئەلبوومی تۆمار نەكرد

هونەرمەندی موزیكژەن محەممەد زەكی، دانیشتووی شاری دهۆك و خاوەنی ستۆدیۆی (m.music)، دەڵێت ئەمساڵ بەرهەمهێنانی ئەلبوومی گۆرانی لەلایەن هونەرمەندانەوە لە ئاستێكی زۆر زۆر نزمدا بوو "پێموایە هیچ هونەرمەندێكی دەڤەری بادینان ئەلبوومی نەبووە، تەنیا هەندێكیان بە شێوەی سینگل سروودیان تۆمار كردووە".

محەممەد زەكی بەرهەمنەهێنانی ئەلبوومی گۆرانی بۆ دوو هۆكار گەڕاندەوە و گوتی "هۆكاری یەكەم بەهۆی ئەم قەیرانە داراییە بوو كە ئەمساڵ رووی لە كوردستان كرد، چونكە ئەگەر داهاتێكی باشت نەبێت ناتوانی ئەلبووم دەربكەی".

هۆكاری دووەمیش كە بەبڕوای محەممەد هۆكاری سەرەكی بووە، شەڕی داعشە "چونكە هیچ كەسێك تاقەتی ئەوەی نەماوە گوێ لە گۆرانی دڵداری بگرێت". بەڵام محەممەد گەشبینە بەوەی ساڵی داهاتوو ئەم قەیرانە هونەرییە لە كوردستان تێپەڕێت.

بازاڕی ستۆدیۆكان لاواز بووە

پێشتر هونەرمەندان بۆ تۆماركردنی گۆرانی روویان لە ستۆدیۆكانی دەرەوە دەكرد، بە تایبەتی توركیا، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەك ستۆدیۆی پرۆفیشناڵ لە كوردستان كرانەوە، بە تایبەتی لە شاری هەولێر.

خێرە زۆرەكەی ستۆدیۆكان لە تۆماركردنی ئەلبوومی گۆرانییە، بەڵام ئەمساڵ لە چانسی خاوەن ستۆدیۆكان نەك ئەلبوومی گۆرانی كەم بوو، بەڵكو هیچ هونەرمەندێك بۆ تۆماركردنی ئەلبووم سەردانی نەكردن.

هۆگر عەزیز، كارمەندی ستۆدیۆ سۆلۆ لە شاری هەولێر دەڵێت "بەهۆی شەڕی داعشەوە، كاری ستۆدیۆكان زۆر لاواز بووە، چونكە ئەمساڵ هیچ هونەرمەندێك لە شاری هەولێر ئەلبوومی گۆرانی تۆمار نەكردووە". گوتیشی "تەنیا چەند هونەرمەندێك بەشێوەی سینگڵ سروودیان تۆماركردووە".

لە شاری هەولێر بەرهەمی زۆربەی هونەرمەندان یەكەمجار لە رێگەی سەنتەری ئەربائیلۆ بڵاودەكرێتەوە، خاوەنی ئەو سەنتەرە دەڵێ، ئەمساڵ بێ‌ بازاڕترین ساڵ بووە لەلای ئەوان.

رێدار شێرزاد خاوەنی سەنتەری ئەربائیلۆ دەڵێ "بەداخەوە ئەمساڵ بڵاوكرنەوەی ئەلبوومی هونەرمەندان زۆر زۆر كەم بوو، كەس لە بەرهەمی هونەرمەندانی كورد ناپرسێت".

كچان داوای گۆرانی عەرەبی دەكەن

رێدار شێرزاد گوتی كە لەڕووی فرۆشی گۆرانی ئەڤینداری، بەرهەمی هونەرمەندانی عەرەب زۆرتر لە بەرهەمی هونەرمەندانی كورد دەفرۆشرێن. رێدار گوتی خەڵك بۆ كڕینی بەرهەمی هونەرمەندان دێن "بەڵام داوای بەرهەمی كوردی ناكەن، بەڵكو بازاڕی هونەرمەندانی عەرەب گەرمترە كە پڕفرۆشترینیان بەرهەمەكانی ئەلیسا و وائیل كەفوری بووە". گوتیشی "كڕیاری بەرهەمی گۆرانیبێژانی عەرەب زیاتر كچن".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لەوەتای هونەرمەندی فارس مورتەزا پاشایی كۆچی دوایی كردووە، فرۆشی بەرهەمەكانی لە كوردستان زیادی كردووە. رێدار دەڵێت "لە كوردستان  شتێكی باوە كاتێك كە هونەرمەندێك كۆچی دوایی دەكات، بازاڕی بەرهەمەكانی گەرم دەبێت، بۆ نموونە ئێستا زۆر كەس داوای گۆرانییەكانی مورتەزا پاشایی دەكەن".

 هەر لەوبارەوە بێستوون ئەحمەد دەربەندی، خاوەنی تۆمارگای تیشكی نوێ لە هەولێر، باسی كڕیارەكانی كرد و گوتی "ئێستا خەڵك زۆرتر داوای سروود و گۆرانی نیشتیمانی دەكەن، بەڵام تاك و تەراش داوای گۆرانی ئەڤینداری دەكەن".

بێستوون لەگەڵ ئەوەدا نییە هونەرمەندان بەو شێوەیە واز لە گوتی گۆرانی ئەڤینداری بهێنن، چونكە بۆ ئایندەی خۆیان باش نییە و وا دەكات جەماوەر لەدەستبدەن.

لە سلێمانی 3 ئەلبووم بڵاوكرانەوە

رەوشەكە لە پایتەختی رۆشنبیری بە پێچەوانەی پایتەختی كوردستان و شاری دهۆك بوو، چونكە لە سلێمانی ئەمساڵ سێ‌ ئەلبوومی گۆرانی بڵاوكرانەوە، ئەوانیش ئەلبوومەكانی هونەرمەندان هەڵوێست، نەجمەی غوڵامی و هێر و فریا بوون.

كاوان رەسوڵ، خاوەنی سەنتەری كیژێ سەبارەت بە ئەلبوومی هونەرمەندانی ئەمساڵ دەڵێت: "بەداخەوە بە هۆی شەڕەوە ئەلبوومی هونەرمەندان زۆر بەرهەم نەهاتووە، تەنیا سێ هونەرمەند بەرهەمیان هەبوو".  گوتیشی كە لەنێو ئەو سێ ئەلبوومە تاوەكو ئێستا بەرهەمەكەی هەڵوێست پڕفرۆشترین بووە.