فیلمی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل لە سینەماکانی باکووری کوردستان پێشاندەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "جیران" لە دەرهێنانی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری کورد، لە دوای بەشداربوونی لە 250 فێستیڤاڵ و بەدەستهێنانی 70 خەڵات، بڕیارە لە ئەیلوولی داهاتوو، لە سینەماکانی باکووری کوردستان پێشانبدرێت.
 
مانۆ خەلیل بە رووداوی راگەیاند، فیلمی "جیران" لە 7ـی ئەیلوولی 2024 لە ئامەد، 8ـی مانگ لە مێردین، 9ـی مانگ لە نسێبین، 10 مانگ لە باتمان و 11 مانگ لە وان پێشاندەدرێت.
 
"جیران" تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا، کەنەدا، سویسرا، سلۆڤاکیا، نەرویج، دانیمارک، سوێد، ئەڵمانیا، و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی پێشاندراوە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە جگە لە پێشاندانێکی تایبەتی لە هەولێر کە لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی رێکخرا و بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشان نەدراوە، لە کاتێکدا لە بەشێکی زۆری سینەماکانی جیهاندا پێشاندراوە.

 

مانۆ خەلیل لەمبارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەیەوت فیلمەکەی لە سینەما لە باشووری کوردستان پێشانبدات، بەڵام بەهۆکاری نا پرۆفیشناڵی لە پێشکێشکردنی کولتووری کوردی، فیلمەکە پێشان نەدراوە. گوتیشی، گەیشتوونەتە ئەنجامێک، کە بۆچی فیلم بۆ کورد دروستبکەن؟

 

"جیران" لە نووسینی و دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، تێیدا باس لە چیرۆكی منداڵێكی كورد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەکات كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە و ژمارەیەک ئەکتەری کورد و عەرەب تێیدا بەشدارن.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە، خەڵاتی باشترین فیلمی 2021 لە سویسرای.
 
مانۆ خەلیل خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە لە 1996ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە، لەوانە "پەرەسێلكە"، "حافیز و مارا"، "ئەنفال"، "دایڤید تولهیلدان"، "زیندانەكەم، ماڵەكەم"، "باخچەكانی بەهەشت" و "تامی هەنگوین" و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.