گۆنول دیلان بۆ (رووداو): لە منداڵییەوە بوومەتە دڵداری ساز

رووداو- هەولێر

ساڵی 1991 لە ئامەد لە دایكبووە و لە ئیستەنبوڵ گەورە بووە، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەستی داوەتە ئامێری ساز. گۆنول دیلان، كچە هونەرمەندی باكووری كوردستان، ناوێكی دیاری باكووری كوردستانە، ئەو توانیویەتی لە بواری گۆرانی و سینەمادا جێی خۆی بكاتەوە. گۆنول كوردی باكوورە و بە توركی گۆرانی دەڵێ، بەڵام بەنیازە ئەلبوومێكی گۆرانی بە زمانی كوردی بڵاوبكاتەوە.

 
گۆنول دیلان بخوازی قازانج دەكەی

  

ئەو زۆر شەیدای ئامێری سازە و ژەنینی ئەو ئامێرە خەونی منداڵیەتی و لەگەڵیدا گەورە بووە، بەڵام ویستوویەتی بەشێوەیەكی ئەكادیمی فێری ژەنینی ئەو ئامێرە ببێ‌. گۆنول دەڵێت: "لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە خۆشەویستیم لەگەڵ ساز پەیدا كردووە، هەمیشە ساز لەگەڵم بووە، هەر بۆیە كاتێك گەورە بووم، چوومە بەشی میوزیكی پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، لەوێ بە ئەكادیمیانە خۆم فێری ژەنینی ساز كرد".



خەونەكانی گۆنول دیلان هەر تەنیا ژەنینی ساز نەبووە، بەڵكو سترانیش خەونی لەمێژینەی بووە، لە كۆنسێرت و ئاهەنگەكاندا لەتەك ژەنینی ئامێری ساز گۆرانیشی دەگوت، ئەمەش وایكرد رۆژ دوای رۆژ ناوبانگ دەربكات. دواتر بڕیاری دا ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاوبكاتەوە، بەڵام ناوی ئەلبوومەكەی هێندە سەرنجڕاكێش بوو، دەنگدانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

"ئەوەی من بخوازێت قازانج دەكات" ئەمە ناوی ئەلبوومەكەی گۆنول بوو، ئەو لەبارەی ئەم ئەلبوومە دەڵێت: "ساڵی 2008 یەكەم ئەلبوومی گۆرانیم بڵاوكردەوە كە لە 14 تراك پێكهاتبوو، ئەوكات دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، ژمارەیەكی زۆری لێ فرۆشرا، ئێستاش بەشێوەی ئۆنلاین هەوادارانم دەیكڕن".

 
ساڵێك پێشكەشكار بووم


روو لە سینەما دەكات

خەونەكانی گۆنول لێرە كۆتاییان نەهات، خولیای دونیای سینەما و دراما وای كرد روو بكاتە خوێندنی بەشی شانۆ و سینەما لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، گۆنول دەڵێت: "لەساڵی 2009 بەشداری یەكەمین فیلمی سینەماییم لە ئیستەنبوڵ كرد، بەهۆی سەركەوتنم لە یەكەمین كاری سینەمایی، هەر هەمان ساڵ بەشداریم لە فیلمێكی دیكە كرد".



پاش بڵاوبوونەوەی فیلمەكانی گۆنول، دەرهێنەرانی دراما لە باكووری كوردستان چاویان بڕیە ئەم كچە هونەرمەندە، داوایان لێكرد لە درامایەكی كوردی لە ئامەد بەشداری بكات، گۆنولیش یەك و دووی لێ ناكات و بەشداری دەكات، لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە ماوەی دوو ساڵدا بەشداریم لە درامایەكی كوردی بەناوی ژان كرد كە رۆڵی سەرەكیم لەگەڵ بەردان ماردینی هونەرمەندی باكووری كوردستان بینی، ئەو درامایە لە یەكێك لە كەناڵە بەناوبانگەكانی توركیا بۆ ماوەی دوو ساڵ نمایش كرا و بینەرێكی یەكجار زۆری هەبوو".

 
لە نمایشكێكی جلوبەرگدا یەكەم بووم


كارەساتی شنگال و كۆچی كوردی ئێزدی، لەو درامایەی گۆنول دیلان كە بەناوی ژان بووە، رەنگدانەوەی هەبوو، گۆنول دیلان لەبارەی ئەم مژارە دەڵێت: "بەشێك لە درامای ژان باسی لە نەهامەتی و كارەساتی شنگال و كۆچكردنی كوردی ئێزدی بۆ باكووری كوردستان دەكرد، ئەمەش رەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای باشووری كوردستانە، هەڵبەتە ئەمەش وای كرد بینەرێكی زۆری هەبێت و زیندوویەتی بە چیرۆكی درامایەكە بدات".



دوای بڵاوبوونەوەی درامای ژان، گۆنول دیلان زیاتر لە نێو خەڵكدا ناسرا، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی شارەزابوون لە میوزیك و گۆرانی كوردی، لەلایەن یەكێك لە كەناڵە كوردییەكانی باكووری كوردستانەوە داوای لێ كرا بەرنامەیەكی رۆژانە پێشكەش بكات، گۆنول دیلان دەڵێت: "وەكو پێشكەشكار لە یەكێك لە كەناڵە كوردییەكانی باكوور بۆ ماوەی یەك ساڵ كارم كرد، بەرنامەیەكی رۆژانەی هونەریم پێشكەش كرد، لە نێو بەرنامەكەشدا چەند گۆرانییەكم بەشێوازی لایڤ پێشكەش دەكرد، ئێستاش لە تۆڕی یوتیوب هەیە و رۆژانە خەڵك سەیری دەكەن".

 
كارەساتی شنگال، درامای "ژان"ی پڕبینەر كرد


لە بواری نمایشی جلوبەرگیشدا گۆنول كاری كردووە، لە یەكێك لە نمایشەكاندا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە فێستیڤاڵێكدا لە ئەوروپا بەشداریم لە نمایشی جلوبەرگدا كرد، توانیم پلەی یەكەم لە نێو هەموو مۆدێلەكان بەدەست بێنم، بۆیە لە چەندین ریكلامی بازرگانیش كارم كردووە و لە كەناڵەكان بڵاوكراوەتەوە".



دەیكاتە كوردی

گۆنول زیاتر بە توركی بەرهەمەكانی بڵاودەكاتەوە، بەڵام ئێستا كار بۆ ئەلبوومێكی گۆرانی بە زمانی كوردی دەكات. ئەو گوتی "ماوەیەكە بە چری سەرقاڵی تۆماركردنی ئەلبوومێكی گۆرانی كوردیم كە لە 5 تراك پێكهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا كار بۆ وێنەگرتنی نوێترین ڤیدیۆكلیپی گۆرانی دەكەم كە لە باكووری كوردستان كاری وێنەگرتنی بۆ دەكرێت ".