بەبۆنەی رۆژی جیهانیی میوزیک کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

1ـی تشرینی یەکەم، رۆژی جیهانیی میوزیکە و ساڵانە لە کوردستان یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە و چەند چالاکییەک سازدەکرێن و بڕیارە سبەی یەکشەممە، کۆنسێرتێک لە هەولێر سازبکرێت.
 
رێبوار عەبدوڵڵا، هونەرمەند و مامۆستا لە بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانیی میوزیک، بەشی میوزیکی پەیمانگەکەیان، کۆنسێرتێک بەم بۆنەیەوە سازدەکات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە بە بەشداری مامۆستا و قوتابیانی بەشی میوزیکی پەیمانگە سازدەکرێت و زیرەک ئەمین، بەڕێوەبەری پەیمانگە؛ سەرپەرشتیاری گشتیی چالاکییەکەیە و هەوراز جەلال، سەرۆکی بەشی میوزیک، سەرپەرشتیاری هونەرییەتی.
 
کۆنسێرتەکە کاژێر 11ـی بەیانی سبەی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆڵی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر سازدەکرێت و هاتن بۆ هەمووانە.
 
لە کۆنسێرتەکەدا پێنج بەرهەم پێشکێش دەکرێن و بریتین لە 'ئەی پەری'، 'دوورم لە یاران' و 'پەپوولەی ئازادی' لە ئامادەکردن و دابەشکردنی بەڵێن عەبدولهادی، 'قژی نەرمت' لە ئامادەکردن و دابەشکردنی سەید ئەحمەد رواندزی و 'بەلەنگەر' لە ئامادەکردن و دابەشکردنی ئەلند مزەفەر.
 
گرووپی کۆنسێرتەکە پێکهاتووە لە شێرزاد ئەکرەم، ئەسکەندەر عەلی، ژیا ئەسعەد، محەممەد تۆفیق، رۆژبین کەمال بە ئامێری کەمان، مەتین مەریوان و ئەلند مزەفەر بە ئامێری ڤیۆلا، بەڵێن عەبدولهادی بە ئامێری چەلۆ، هاوکار محەممەد بە ئامێری کۆنتراباس، رێبوار عەبدوڵڵا بە ئامێرە ریتمییەکان و نیهاد سابیر بە ئامێری پیانۆ.
 
راهێنانی قوتابیان بۆ کۆنسێرتەکە لەلایەن مامۆستایان شێرازد ئەکرەم، بەڵێن عەبدولهادی، ئەسکەندەر عەلی، نیهاد سابیر، رێبوار عەبدوڵڵا و محەممەد تۆفیق کراوە.
 
رۆژی جیهانیی میوزیک لە 1974 لەلایەن ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ میوزیکی سەر بە رێکخراوی یونسکۆ دیاریکراوە و لە 1975 زیاتر لە 150 وڵات یادی ئەو رۆژەیان کردەوە.
 
فەرەنسییەکان لە کاتێکی جیاواز یادی رۆژی جیهانیی میوزیک دەکەنەوە کە 21ـی حوزەیرانە.