حەسەن شەریف: لەگەڵ دووبارەكردنەوەی گۆرانییە كۆنەكان نیم

رووداو- دهۆك

هونەرمەند حەسەن شەریف كە بە هونەرمەندی پێشمەرگە ناسراوە، دوای راپەڕین چووە ئەوروپا و لە میدیای سەر بە PKK نزیك بووەوەو چەندین كاری هونەری لەگەڵ كردن. ئەو دەڵێت "هەر كەناڵێك خزمەتی نەتەوە بكات كاری تێدا دەكەم". ئەمە پێوەری كاركردنی حەسەن شەریفە لەگەڵ كەناڵەكان.

 دوای ئەوەی گەڕایەوە شاری دهۆك لە باشووری كوردستان، وەك خۆی دەڵێت هیچ كارێك ناكات و ئێستا مووچەخۆری پارتییە، بەڵام دەڵێت نزیكبوونەوەی لە پارتی لەسەر حیسابی PKK و هیچ حیزبێكی دیكە نییە. رەخنەش لەو هونەرمەندانە دەگرێت كە خۆیان بەبێ لایەن نیشان دەدەن و دەڵێت "ئەوانەی ئامادەنەبوون ئاڵای پارتی رابوەشێنن لە من سوودمەنتر بوون لە پارتی".

رووداو: دەمێكە بێدەنگی و بەرهەمی تازەت نییە؟

حەسەن شەریف: ئەلبوومێكم ئامادەیە، بەڵام لەبەر رەوشی ئێستای كوردستان بڵاومان نەكردووەتەوە‌. ئەلبوومەكەم لە 18 ستران پێكدێت كە لەسەر شێوازێكی نوێ‌ تۆماركراوە و بەشێوەزاری بادینییە، تەنیا یەك گۆرانی سۆرانییە، بەنیازبووین لە جەژنی رەمەزاندا بڵاوی بكەینەوە، بەڵام ئێستا ناتوانین، چونكە ئەو كۆمپانیایەی بەرهەمەكە چاپ دەكات پارەیەكی زۆری دەوێت و ناتوانین ئەو ژمارەیە چاپ بكەین كە ئێمە دەمانەوێت.

رووداو: بۆچی گۆرانی سۆرانیت كەمە؟

حەسەن شەریف: شێوەزاری سۆرانی هونەرێكی دەوڵەمەندی هەیە و بەڕێزەوە‌ لێیدەڕوانم. شەش حەوت گۆرانی سۆرانیم هەیە،‌ لەهەر ئەلبوومێكدا گۆرانییەك یان دووان بە سۆرانی دەڵێم، بەڵام ئەگەر نەشبێت هیچ كێشەیەك نییە‌، دەبێت ئەو جیاوازییە نەمێنێت، بادینی بە ئاسانی گوێ لە گۆرانی سۆرانی بگرێت و سۆرانیش بە هەمانشێوە. من لە منداڵییەوە گوێ لە گۆرانییەكانی مەزهەری خالقی دەگرم. بەڵام ژمارەیەكی زۆر كەمی خەڵكی سلێمانی گوێ لە گۆرانی بادینی دەگرن، ئەگەر گوێش بدەنە بادینی، گوێ لەو گۆرانیبێژانە دەگرن كە سۆرانین و بە بادینی گۆرانی دەڵێن.

 رووداو: بەم دواییە زیاتر رووت لە فۆلكلۆر كردووە، بۆچی؟

حەسەن شەریف: ئێمە فۆلكلۆرمان‌ زۆر دەوڵەمەندە.‌ ئەگەر مرۆڤ چوارچێوەیە‌كی جوانی بۆ دروست بكات، رۆحێكی جیاواز دەبەخشێتە گۆرانییەكە. من لەگەڵ ئەوە نیم‌ مرۆڤ كاری كۆن دووبارە بكا‌تەوە، ئێستا لە بەرهەمەكانی مندا دوو جۆر گۆرانی هەیە، یەكێكیان بەشێوەی سەردەمی ئێستا،‌ ئەوی دیكەش فۆلكلۆرە، بەڵام‌ بەشێوەیە‌كی مۆدێرن.

رووداو: پێشتر گوتبووت هونەرمەندی كورد وەك پێخۆرێكە‌ بۆ بازرگانان، ئێستاش‌ هەمان بۆچوونت هەیە؟

حەسەن شەریف: بەڵێ ئێستاش هەمان بۆچوونم هەیە. ئامانجەكەمان هێشتا پێنەگەیشتووە‌، دوای دوازدە بەرهەم و  دەیان سنگڵ و سروود، هێشتا هەر بەناوی بەرهەمی هونەری شت بڵاودەكەینەوە، لەلایەنی ئابووری كێشەمان هەیە. دەبێت سەری خۆمان لەبەر هەندێك كەسان‌ دانەوێنین تاوەكو ‌بەرهەمەكانمان بۆ چاپ و بڵاوبكەنەوە، بۆ ئەم بەرهەمەشم هەمان ترسم هەیە، دواتریش بازرگانی پێوەدەكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا كەناڵەكانی كوردستان پارە بە كلیپ نادەن، ئەگەر حەز بكەن بڵاوی دەكەنەوە، ئەگەر نا دەچێتە ئەرشیڤەوە.

رووداو: تاوەكو ئێستا هیچ سوودێكی ئابووریت لە كەناڵەكانی كوردستان وەرگرتووە؟‌

حەسەن شەریف: هیچ، تەنیا دوو گۆرانیم لەلایەن كەناڵی كۆڕەكەوە بۆ  كلیپكراوە و سوپاسیان دەكەم، ئەویش هیچ سوودێكی شەخسی بۆ من نەبووە.

بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری بۆ بەرهەمی من بەناوی "برینا ئاڤێ" پشتگیری كردم، بەڵام بەئاوداچوو، بازرگانانی رەش جگە لە كۆپیكردنی  بەرهەمەكانمان دووبارە و چەندبارە لەچاپی دەدەنەوە و ژمارەیەكی زۆریشی لێدەفرۆشن. ئەوان تاوەكو ئێستاش ئەو بەرهەمانەم دەفرۆشن كە لە هەشتاكاندا تۆمارم كردوون، بەبێ ئەوەی سوودیان بۆ من هەبێت. ئەوانەی ئەو كارانە دەكەن بێویژدانترین كەسن.

رووداو: زۆر قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە ئێستا تۆ بەلای لایەنێكی سیاسیدا شكاویتەوە، تۆ لەوبارەیەوە دەڵێی چی؟
حەسەن شەریف: زۆر كەس لەناو هەندێك‌ لایەن دەڵێن بۆ ئێمە وابكە و ئەم گۆرانییەمان بۆ بڵێ،‌ بەڵام مرۆڤ دەبێت كەسێكی نەتەوەیی بێت، من ئەوە ناكەم، بۆیە هیچ لایەنێك سانسۆری لە‌سەر گۆرانییەكانی من دانەناوە. هەندێك كەسی خۆپەرست هەن دەیانەوێت  بتشكێنن.

لەم مانگەدا گەورەترین ئاهەنگ لە برۆكسل سازدەكرێت بۆ پشتیوانیی كوردی رۆژئاوا، منیش بەشداردەبم. ماوەیەك پێش ئێستا رەخنەم لێگیرا‌و دەیانگوت بووەتە‌ باكووری، چونكە زۆر لە كەناڵەكانی سەر بە PKK دەردەكەوتم، لەسەر ئەوەش رەخنەم لێگیرا كە بەشداری ئاهەنگی بانگەشەی لیستی پارتیم كردووە، بەڵام من بەو شێوەیە بیرناكەمەوە، گرنگ ئەوەیە بۆ كورد كار دەكەم.

رووداو: پشتیوانی تۆ بۆ پارتی لەسەر بنەمای ئەوە بوو كە سوودمەندبووی لە پارتی؟

حەسەن شەریف: باوەڕ بكە خەڵكی بیانی و خۆیی لە من زیاتر سوودمەندبوونە لە پارتی. بەڵام نامەوێت ناوی یەكە بەیەكەی ئەوانەت پێ بڵێم، ئەو یارمەتیەی دەدرێتە هەندێك ژن، هیچ جار نەدراوەتە من. من ناڵێم هیچم بۆ نەكراوە. لە ئاهەنگی بانگەشەی پارتی ئاڵای پارتییان دایە‌ دەستی من، باشە بۆچی هەڵینەگرم؟ هەندێك هونەرمەند ئاڵای زەردیان ‌هەڵنەگرت، بەڵام لە من زیاتر سوودمەند بوونە لە پارتی.

رووداو: پەیوەندیت ‌ لەگەڵ PKK ماوە‌؟

حەسەن شەریف: بەڵێ ماوە،‌ پێش چەند رۆژێك ستێرك تیڤی پەیوەندییان پێوەكردم و گوتیان ئاهەنگێكی مەزن بۆ پشتگیری رۆژئاوا هەیە، بەو هیوایەی دەنگی من ببێتە خۆشی بۆ منداڵانی رۆژئاوا من 100 ستران دەڵێم. رۆژی 19ی ئەم مانگە میوانی رۆناهی تیڤی بووم.

رووداو: هیچ مووچەیەك لە پارتی وەردەگری؟

حەسەن شەریف: بەڵێ لە پارتی مانگانەیەك وەردەگرم، من چەندین ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكەم بە تایبەتی لەسەردەمی شۆڕشدا، دەبووایە ئەوان ژیانێكی زۆر باشتریان بۆ من دابین كردبایە.

رووداو: تۆ كە مووچەخۆری پارتیت، دەتوانی رەخنەی لێبگری؟

حەسەن شەریف: ئەگەر مرۆڤ لەبن سێبەری چەترێكدابێت كە وەكو باوكێك بێت بۆی، دەتوانێت رەخنەی لێ بگرێت؟ لەگەڵ ئەوەش زۆرجار رەخنەم لە پارتی گرتووە و لە گۆرانییەكانیشمدا رەنگیداوەتەوە.