ماهیر حەسەن: كۆمیدیا بووەتە بازرگانی
رووداو- سلێمانی
ئەكتەری كۆمیدی ماهیر حەسەن ئاشكرای كرد كە بەشداریی درامایەكی سی ئەڵقەیی كردووە بۆ یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان و هەر ئەڵقەیەكیشی لەسەر بابەتێكی كۆمەڵایەتی دەبێت.
ماهیر حەسەن بە (رووداو)ی گوت "دراماكە درامایەكی رەخنە ئامێزە لەبارەی دیاردە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگا، لە هەر ئەڵقەیەكیش باس لە یەكێك لە دیاردە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین".
ماهیر حەسەن كە یەكێكە لە ئەكتەرە هەرە دیارەكانی كۆمیدیا لە كوردستان، سەبارەت بە رەوشی هونەری كۆمیدیا لە كوردستان دەڵێت "كۆمیدیا لە كوردستان زیاتر بازرگانییە، ئەوەش كارێكی خراپ نییە، بەڵام پێم باشە ئەگەر بازرگانیش بوو بە كواڵێتیەكی بەرز بێت".