فیلمی سینەمایی "پەیكەری دڵ" گەیشتە قۆناخی مۆنتاژ
رووداو – هەولێر
فیلمی سینەمایی پەیكەری دڵ، لە دەرهێنانی شوان عەتوف كە هەریەكە لە گۆرانیبێژ هەڵوێست و نارین ئالان رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینن، لە دوایین قۆناغی مۆنتاژدایە. ئەم فیلمە كە بڕیارە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە سینەماكان نمایش بكرێت، تا ئێستا 300 هەزار دۆلاری تێدا خەرجكراوە، هەڵوێست كە گۆرانیبێژێكی بەناوبانگە و ئەكتەری سەرەكی فیلمەكەیە، لە فیلمەكەدا پێنج گۆرانی دەڵێت كە هونەرمەند زیاد ئەسعەد گۆرانییەكانی ئامادەكردوون.
بەختیار فەتاح كە پرۆدیوسەری فیلمەكەیە، لەبارەی فیلمەكە بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەم فیلمە ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژدایە، مانگی داهاتوو ترەیلەرەكەی بڵاودەبێتەوە، هەوڵدەدەین بۆ مانگی چواری ئەمساڵ ئامادەبێت و لە سینەماكان پیشان بدرێت، چاوەڕوانییەكی گەورەمان لە بینەر و خەڵكی كوردستان هەیە كە بچن بۆ بینینی فیلمەكە".
سەبارەت بە تێچووی فیلمەكە، بەختیار فەتاح دەڵێت: "تا ئێستا زیاتر لە 300 هەزار دۆلاری ئەمریكی بۆ بەرهەمهێنانی پەیكەری دڵ خەرجكراوە، فیلمەكە بە تەكنیكێكی نوێ و تەكنەلۆژیای سەردەم كاری بۆ كراوە، پێمانوایە قۆناغێكی نوێ دەبێت لە كاری سینەمایی لە باشووری كوردستان".
پەیكەری دڵ فیلمێكی رۆمانسییە، باس لە ژیانی هونەرمەندێك دەكات، (هەڵوێست)ی گۆرانیبێژ رۆڵی سەرەكی لە فیلمەكەدا دەبینێ، هەڵوێست لەبارەی فیلمەكە بە (رووداو)ی گوت: "دەركەوتن لەو فیلمە بۆ من قۆناغێكی نوێی كاری هونەرییە، هیوادارم كارێكمان كردبێت كە شایەنی بینەر و هەوادارانمان بێت".
هەڵوێست دەشڵێت: "پێنج گۆرانیم تایبەت بۆ فیلمەكە گوتووە كە گۆرانییەكان لە لایەن هونەرمەند زیاد ئەسعەد ئامادە كراون".
شوان عەتوف كە دەرهێنەری فیلمەكەیە، دەڵێت: "پەیكەری دڵ بەرهەمی كەرتی تایبەتە، قۆناغێكی نوێ دەبێت لە مێژووی سینەمای كوردی، بە هێز و تواناوە كارمان بۆ ئەو فیلمە كردووە، دڵنیام بەدڵی بینەر دەبێت".
لەبارەی كاریگەریی دەركەوتنی گۆرانیبێژان وەك ئەكتەر لەم فیلمەدا، عەتوف دەڵێت: "دەركەوتنی ژمارەیەك كەسایەتی بەناوبانگ لەو فیلمەدا كاریگەری ئەرێنی هەیە، هەریەك لەو ناوانەی كە ئەكتەری سەرەكی فیلمەكەن هەواداری خۆیان هەیە، هەواداری هەمووان دەبنەوە بینەری فیلمەكە، بۆیە پێمانوایە ژمارەیەكی زۆر خەڵك ئەو فیلمە دەبینن".
لە بارەی پێشبینی ژمارەی بینەر، بەختیار فەتاح پرۆدیوسەری فیلمەكە دەڵێت: "ئێمە بودجەیەكی تایبەتمان بۆ رێكلام و ماركێتینگی فیلمەكە ئامادە كردووە، پێشبینی دەكەین زیاتر لە 50 هەزار كەس لە باشووری كوردستان بینەری فیلمەكە بن، فیلمەكە بە ژێرنووسی عەرەبی و ئینگلیزی ئامادە دەكرێت، لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك قسەمان كردووە بۆ ئەوەی فیلمەكە جگە لە كوردستان، لە ئیمارات و چەند وڵاتێكی دیكەش پیشان بدرێت".
نارین ئالان، هاوشانی هەڵوێست رۆڵی سەرەكی لە پەیكەری دڵدا دەبینێت، یەكەم دەركەوتنی نارین لە باشووری كوردستان لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان بوو كە وەك پێشكەشكار دەركەوت، نارین خەڵكی سلێمانییە، هەڵگری پاسپۆرتی سوێدییە و لە دوبەی نیشتەجێیە، نارین لە بارەی بەشداریكردنی لەو فیلمەدا دەڵێت :"من رۆڵی سەرەكیم هەیە، كارەكتەری كچێكی دەوڵەمەند كە حەز لە كوڕێك دەكات، بەڵام باوكی رازی نابێت و بە زۆر دەیدات بەشوو. دواتر لەلایەن مێردەكەی و باوكییەوە زۆر ئازار دەدرێ. ئەمە چیرۆكی فیلمەكەیە".
چەندین ئەكتەری دیاری شاری سلێمانی لە فیلمەكەدا دەردەكەون، نزار سەلامی-ش رۆڵی هەیە، سەلامی دەڵێت "بە دڵ و گیان و ئەشقێكی گەورە كارمان بۆ ئەو فیلمە كردووە، بۆیە لە سەركەوتنی بێگومانین".
فیلمی پەیكەری دڵ، بەرهەمی كۆمپانیای میترۆنۆمە، بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی (رووداو) ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژدایە، بڕیارە لە مانگی چوار بچێتە سەر سكرینی سینەماكان و لە سەرجەم شارەكانی كوردستان نمایش بكرێ.