81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
بە پێشاندانی فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی چالاکییەکانیدا، ئەستێرەی دیاری سینەمای هۆلیوود و جیهان تێیدا ئامادە بن.
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە، تیم بۆرتن، دەرهێنەری فیلمەکە و هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی مایکڵ کیتن و وینان رایدەر، ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، ژمارەیەک ئەستێرەی دیکەی سینەما بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین، لەوانە مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری ناسراوی ئیتاڵی و کەیت بلانچێت، ئەکتەری ناسراوی ئوستراڵی.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا، ژمارەیەک ئەستێرەی دیاری هۆلیوود بەسەر هەمان فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕن، لەوانەش ئەنجلینا جولی، جۆرج کلۆنی، براد پیت و لەیدی گاگا.
لە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بە خەڵاتکردنی فیلمی "Joker" لە فێستیڤاڵدا، تۆد فیلیپس، دەرهێنەری فیلمەکە، لە رێگیە بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی "Joker: Folie à Deux"، چاوی بڕیوەتە خەڵاتی شێری زێڕینی فێستیڤاڵ کە 20 فیلمی دیکە بەربژێری ئەو خەڵاتەن.
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شێری زێڕینی شانازی، بە سیگۆرنی ویڤەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانی.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.