دوای 25 ساڵ ئال پاچینۆ و جۆنی دێپ پێکەوە دەردەکەونەوە
رووداو دیجیتال
دوای 25 ساڵ، هەردوو ئەستێرەی سینەمای هۆلیوود، ئال پاچینۆ و جۆنی دێپ، لە فیلمێکی نوێی سینەماییدا پێکەوە رۆڵدەگێڕن و فیلمەکە لە دەستپێکی 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندەدرێت.
لە 1997 ئەو دوو ئەکتەرە سینەماییە لە فیلمی 'Donnie Brasco' پێکەوە رۆڵیان گێڕاوە و دوای چارەگە سەدەیەک ئەمجارە لە فیلمی 'Jeanne du Barry' رۆڵیان گێڕاوە.
ئەم بەرهەمە نوێیە، دەبێتە یەکەم فیلمی دێپ دوای سێ ساڵ دابڕان لە کاری سینەمایی، ئەمەش بەهۆی کێشەی لەگەڵ ئێمبەر هێردی هاوژینی پێشووی کە لە دوای ئەوەی تۆمەتی تووندوتیژی خێزانی خرایە پاڵ، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی دەرگایان بە روویدا داخست.
فیلمەکە خاڵێکی دیکەی بەهێزی بۆ دێپ تێدایە، چونکە لە دەستپێکی یەکێک لە پێنج بەهێزترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا پێشاندەدرێت، ئەویش فێستیڤاڵی کانە.
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزیسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی 'Elm Street' بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی '21 Jump Street' رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی ' What's Eating Gilbert Grape' و فیلمی 'Benny and Joon' لە 1993، دواتریش لە فیلمی 'Dead Man' لە 1995، هەروەها لە فیلمی 'Donnie Briscoe' لە 1997 و 'Loathing in Las Vegas' لە 1998.
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلار بووە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت.