ئەیوب عەلی لە بەناوبانگترین هۆڵی ئێدنبرەی سکۆتلاند گۆرانی کوردی دەڵێت
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ئەیوب عەلی، بە جلوبەرگی کوردییەوە گۆرانی کوردی لە بەناوبانگترین هۆڵی شاری ئێدنبرەی سکۆتلاند پێشکێشکرد و دەڵێت: "سنوورهكان دهبڕین و دهنگ و میلۆدی و میوزیكی كوردی به جیهان دهگهیێنین".
ئەیوب عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شانازییهكی مهزنه بۆ من به جلوبهرگی كوردییهوه و به زمانی شیرینی كوردی، لهسهر شانۆی ههرهبهناوبانگترین هۆڵی كۆنسێرتی پێنج ئهستێرهی شاری ئێدنبرهی سكۆتلاند گۆرانی بڵێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو وەک هونەرمەندێکی کورد، لهگهڵ گرووپێكی میوزیکی بهتوانای ئیسپانی و چهند نهتهوهیهكی دیكهی جیاواز لە کۆنسێرتەکەدا بەشداربوو.
لە 2019 ئەو هونەرمەندە کوردە لە کەناڵێکی یۆنانی بە جلوبەرگی کوردی، گۆرانی کوردی پێشکێشکرد.
دوایین بەرهەمی ئەیوب عەلی وەک ڤیدیۆکلیپ لە 21ـی نیسانی 2023 لەگەڵ گرووپی میوزیکی راگرین بەناوی 'راگرین' بڵاوکردەوە کە لە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆری کوردییە.
لە کۆتایی 2022 و تاوەکو ئەمساڵ، ئەو هونەرمەندە زنجیرە شەوەئاهەنگێکی لە باشووری کوردستان سازکرد.
ئەیوب عەلی لە 1973 لە سەنگاو لە دایکبووە، لە 1998 بڕواننامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە قۆناغی زانکۆدا چالاکییەکانی لەبواری میوزیک و گۆرانی دەستپێکرد، لە ساڵانی 1995- 1998 لە رادیۆ کوردییەکان گۆرانی تۆمارکردووە، لە 1999 کوردستانی جێھێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێبووە.
ئەیوب عەلی خاوەن حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، 'دڵم مەشکێنە' لە 2003، 'خەمێکی بێ کۆتایی' لە 2004، 'ماڵئاوایی' لە 2006، 'مۆم' لە 2009، 'ئەلبوومێکی بێ ناونیشان' لە 2011، 'بێ سنوور' لە 2014 و 'پەیکەر' لە 2021.
جگە لە ئەلبووم چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'کوردم' لە 2015، 'تریفەی پێکەنین' لە 2015، 'بەڵێ عاشقم' لە 2019 کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا و 'نامەکانت' لە 2020، نوێترین بەرهەمیشی، ڤیدیۆکلیپێکە بەناوی 'چۆڵەکە' کە لە 20ـی ئابی 2022 بڵاوکرایەوە.