ئۆلیڤیا هاسی کارەکتەری سەرەکیی فیلمی 'رۆمیۆ و جولیێت' کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئۆلیڤیا هاسی، ئەکتەری بەریتانی کە پێشتر رۆڵی کارەکتەری جولیێتی لە فیلمی "رۆمیۆ و جولیێت" لە 1968 گێڕاوبوو، لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
هەواڵی کۆچی دوایی ئەو ئەکتەرە لە هەژمارەکەی لە ئینستگرام بڵاوکراوەتەوە کە لە رۆژی هەینی 27ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە ماڵەکەیدا گیانی لەدەستداوە.
ئۆلیڤیا هاسی لە 17ـی نیسانی 1951 لە بۆینس ئایرسی ئەرجەنتین لەدایکبووە و منداڵیی لە لەندەن بەسەر بردووە، لە تەمەنی 13 ساڵیدا کاری نواندنی کردووە، سەرەتا رۆڵی لاوەکیی لە فیلمەکاندا گێڕاوە، یەکەم رۆڵی سەرەکیی لە فیملی "رۆمیۆ و جولیێت" بووە و ئەو کات تەمەنی 15 ساڵ بووە.
ئۆلیڤیا هاسی لەگەڵ لیۆنار وایتنگ کە لە تەمەنی نەوجەوانیدا رۆڵی سەرەکیان لە فیلمی "رۆمیۆ و جولیێت" گێڕابوو، بەم دواییە داوای 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی قەرەبوو لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فیلمەکە کردووە کە کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، ئەویش بەهۆی دیمەنێکی رووتی نێو فیلمەکە، ئەوکات ئۆلیڤیا تەمەنی 15 ساڵ بووە، لیۆنار وایتنگ 16 ساڵ بووە.
ئەو دوو ئەکتەرە سکاڵاکەیان لە دادگای باڵای لۆس ئەنجلس تۆمارکردبوو و بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە بە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی و فێڵکردن تۆمەتبار کردبوو.
ئەو دوو ئەکتەرە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو، بەبێ ئاگاداری خۆیان بە رووتی لە فیلمەکەدا وێنەگیراون، ئەمەش پێشێلکردنی یاساکانی ویلایەتی کالیفۆرنیایە لە ئەمریکا کە نابێت منداڵان و نەوجەوانان لە کار و بەرهەمەکاندا بەکاربهێندرێن.
هوسی، لە هەڤپەیڤینێکیدا لە 2018 بۆ یادی 50 ساڵەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، بەرگری لە دیمەنی رووتی خۆی لە فیلمەکەدا کرد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "پێشتر کەس لە هاوتەمەنەکانی من ئەو کارەی نەکردووە"، روونیشی کردەوە، زێفیرێلی بە سەلیقەیەکی زۆرەوە دیمەنەکەی وێنەگرتووە و بۆ فیلمەکە پێویست بوو.