لە ئیتاڵیا 50 کاری هونەریی ئای وەی وەی خرانەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
لە پێشانگەیەکدا بەناونیشانی "من کێم؟"، 50 کاری هونەریی ئای وەی وەی، شیوەکاری ئۆپۆزسیۆنی چینی لە شاری بۆلۆنیای ئیتاڵیا خرانەڕوو.
یەکێک لە کارە دیارەکانی نێو پێشانگەکە، کارەکتەرێکە لە شێوەی ئەژدیها، جگە لە کارێکی دیکەی هونەریی کە تابلۆی "دوایین ئێوارەخوان"ـی لیۆناردۆ داڤێنچی و بە یاریی لیگۆ دروستکراوەتەوە.
پێشانگەکە لە کۆشکی فاڤا کراوەتەوە و تاوەکو 4ـی ئایاری 2025 بەردەوام دەبێت، تێیدا کارە هونەرییەکان گوزارشت لە مافی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین، گۆڕانی کەش و هەوا، کۆچ و یەکسانی دەکەن.
ئای وەی وەی، لەبارەی ناونیشانی پێشانگەکە دەڵێت، "من کێم؟" پرسیارێکی فەلسەفییە، پەیوەندی بە مرۆڤ یا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە هەیە.
ناونیشانی پێشانگەکە لە نوێترین پڕۆژەی سەرچاوەی گرتووە کە لە کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاند، کاتێک بۆ ماوەی 81 رۆژ لەسەر شاشە گشتییەکانی چەندین وڵاتی جیهان دەرکەوت، ئەمەش ژمارەی ئەو رۆژانەیە کە لە 2011 لە چین زیندانی کراوە.
ئەو هونەرمەندە کە پێشانگەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا دەکرێنەوە، لە 2014ـەوە یاریی لیگۆ بۆ دووبارە کێشانەوەی تابلۆ بەناوبانگەکانی جیهانە.
ئای وەی وەی، لە 18ـی ئایاری 1957 لە چین لەدایکبووە، وەک شێوەکارێکی هاوچەرخی چینی ناسراوە، بەرهەمەکانی زیاتر پەیکەر، مۆنۆمێنت و بیناسازییە، بەهۆی رەخنەی لە دەسەڵاتی وڵاتەکەی، لە 2011 لە فرۆکەخانەی پەکین دەستگیرکرا، بە تۆمەتی تاوانی ئابوورییەوە زیاتر 81 رۆژ لە زینداندا مایەوە.