گارە سازکار دوو بەرهەمی نوێی بۆ یەکەمجار لەرێگەی رووداو بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند گارە سازکار کە زیاتر بە گۆرانی 'وەرە وەرە' ناوبانگی پەیداکردووە، لە چالاکییە هونەرییەکانی بەردەوامە و دوو ڤیدیۆکلیپی نوێی بەرهەمهێناوە و بۆ یەکەمجار لەرێگەی رووداو بڵاویان دەکاتەوە.
گارە سازکار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو بەرهەمی نوێی بڵاوکردووەتەوە، بەناوەکانی 'سەبرا دلا' و 'خەنسە خاتوون'ـە کە لە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆرن، مستەفا سەرکایا میکس و ماسترینگی بۆیان کردووە و تانجو دومان سەرپەرشتی بەرهەمێنانی هەردوو بەرهەمەکەی کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڕیارە بەم نزیکانە هەردوو ڤیدیۆکلیپەکە لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاوبکاتەوە.
'وەرە وەرە' لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی ئەو هونەرمەندەیە کە بەرهەمی گرووپی 'ل دنێ'یە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
گارە سازکار خەڵکی باشووری کوردستانە و لە 1980 بووەتە پێشمەرگە و لە هەمان ساڵدا دەستی بەکاری هونەری کردووە، ساڵی 1981 روویکردووەتە رۆژئاوای کوردستان و هەشت بەرهەمی لەسەر کاسێت بڵاوکردووەتەوە، ساڵی 1985 روویکردووەتە ئەوروپا و ئێستا لە دانیمارک دەژی و خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانییە.
ئەو هونەرمەرندە لە 2020 ئەلبوومێکی گۆرانیی بەناوی 'بیریا تە دکم' بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردەوە کە لە 10 تراکی گۆرانی پێکهاتبوو و گۆرانییەکان لە ئاوازی خۆیەتی و بەشێکی زۆری تێکستی گۆرانییەکانیشی نووسیوە.
یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەو ئەلبوومە بەناوی 'عەشرەت هاوارە'یە کە لە تێکستی پیرەمێرد، شاعیری کوردە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە.
سازکار لەبارەی ئەم بەرهەمەی پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو "بەرهەمی عەشرەت هاوارە، گۆرانییەکە بۆ یادکردنەوەی رووداوێکی گرنگە لە مێژووی خەباتی سیاسی کوردستاندا، ئەویش پەڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بوو لە رووباری ئاراس لە 18ی حوزیرانی 1947 و بەڕێکەوتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو".