حەسەن شەریف بەرهەمی 'کوردمەدار' بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند حەسەن شەریف، نوێترین بەرهەمی بەناوی "کوردمەدار" لە هۆنراو و ئاوازی ئەمین بۆتانی، بەم نزیکانە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، بەهەموو پێوەرێک بەرهەمە نوێیەکەی، لە ئاستێکی بەرزدایە و قسەی دڵی هەر کوردێکی دڵسۆزە کە سەرفرازیی وڵات ئاواتی لە پێشینەی بێ.
حەسەن شەریف، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا کە کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە، هەروەها دەڵێت: "کوردمەدار" لە هۆنراوە و ئاوازی هاوڕێی ئازیزم ئەمین بۆتانییە، دەتوانم بڵێم؛ ئەوە 40 ساڵ زیاترە و لەوەتەی خەریکی كاری هونەرییم و گۆرانی بۆ نەتەوە و نشتیمان دەڵێم، وەکو ئێستا دڵخۆش نەبووم، چونکە بە راستی تێکستی "کوردمەدار" بەلامەوە چ وەک کورد و چ وەک گۆرانیبێژ، دڵ و دەروونمی گەشاندەوە".
گوتیشی: "لەو بڕوایەدام هەر کوردێکی پاک و وابەستەی دۆز و خاکی کوردستان و هەر ئارەزوومەندێکی دنیای ئاواز و گۆرانیش کە گوێبیستی دەبێ، پێی شاد دەبێ، لەبەر ئەوەی بە هەموو پێوەرێک بەرهەمێکە لە ئاستێکی بەرزدایە و قسەی دڵی هەر کوردێکی دڵسۆزە کە سەرفرازیی وڵات ئاواتی لە پێشینەی بێ".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، هونەرمەند عەلی شاکر جوانترین کاری بۆ گۆرانییەکە کردووە، لە ژەنیندا ئافراندنێکی یەکجار ناوازەی خوڵقاندووە.
هونەرمەند، ستایشی رۆڵی گورسەل دایان خاوەنی ستۆدیۆی رۆ میوزیک رۆشن لە ستۆکهۆڵم کرد کە کاری بۆ بەرهەمەکە کردووە. هەروەها سوپاسی شاعیر و هونەرمەند عیسا بۆتانی دکەتا کە دڵسۆزی و خەمخۆری بەرهەمەکە بووە و کاری گرافیک، ریکلام و وردەکاریی هونەریی بۆ کردووە.