هەڵوێست ڤیدیۆکلیپێک بەشێوازی دوێت تۆمار دەکات


رووداو- سلێمانی
 
ژیان لەگەڵ تۆ، ناوی نوێترین گۆرانی دوێتی ھونەرمەند ھەڵوێستە، کە ئێستا کاری کلیپی بۆ ئەنجام دەدات، بەگوتەی خۆی ئەم بەرھەمە لەچەند رووێکەوە لەگەڵ بەرھەمە دوێتەکانی دیکەی جیاوازە.


ھەڵوێست، لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند "مەبەستم بوو کە بەدوای دەنگێکی نوێ و رووخسارێکی نوێدا بۆ گۆرانییەکەم بگەڕێم، بەڵام دواجار توانیمان لە نێویاندا دێرێ، ھەڵبژێرم و ئەمەش وایکردووە کە کارەکەم ئەمجارە جیاواز بووە و ھەوڵی جیاوازییەکی زۆری بۆ دەدەم".

لە چیرۆکی کلیپەکەدا ھەردوو ھونەرمەند رۆڵی دوو عاشق دەگێڕن، دێرێ، ھەنگاوی یەکەمی لەگەڵ ھونەرمەند ھەڵوێستدایە و پێیوایە ئەمە دەبێتە دەستپێکێک بۆ کارکردنی لە داھاتوودا.

دێرێ ئارام، باس لە ناوەڕۆکی گۆرانییەکە دەکات و دەڵێت "زۆرم پێخۆشە، لە نێو کۆمەڵە کچێکدا من ھەڵبژێردرام، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بۆ من شتێکی زۆر گرنگە، کە یەکەم کارم لەگەڵ ھەڵوێستدا بێت، هەروەها بۆ داھاتووشم دەبێتە رێنیشاندەرم،هەڵبەتە چیرۆکی گۆرانییەکەشمان باس لە خۆشەویستی نێوان دوو کەس دەکات".

کلیپەکە لەلایەن ھەردی سەلامی، دەرھێنەر کاری بۆ دەکرێت و ھەڵبژاردنی شوێنی کلیپی گۆرانییەکە لە کارەکانی ئەو دەرھێنەرە جیاوازە و مەبەستیەتی دۆخێکی ئێستاتیکا بە چیرۆکی گۆرانییەکە بدات".

ھەردی سەلامی دەرھێنەر دەڵێت "لەم کارەدا توانیومانە وا بکەین، کەش و هەوایەک دروست بکەین، کە ئێمە نەماندەتوانی لە دەرەوەی ئێرە ماڵێکمان دەست کەوێت بەو رەنگانەی ئێمە دەمانخواست، بۆیە ھەوڵماندا ھەمان وێنە

دروست بکەینەوە و ئەمەش وایکرد کارەکە جیاواز بێت، ھەروەھا بەکامیرایەکی پێشکەوتوو ئەم ڤیدیۆکلیپە وێنەگیراوە، زۆر لەکارەکانی رابردووم جیاوازە".

گۆرانی ژیان لەگەڵ تۆ، لە ھۆنراوەی ھێمن حەمیدە و ھونەرمەند ھەڵویست خۆی میلۆدی بۆ کارەکە داناوە و لەلایەن ئەفشین شوکریەوە کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ ئەنجامدراوە، ماوەی کلیپەکە ٤ خولەکە ھونەرمەند وەک جەژنانەیەک لەرۆژانی جەژنی قورباندا پێشکەشی ھەوادارانی دەکات.