رووداو - سلێمانی
رووبار ئهحمهد، خانمە ئەکتەری بواری شانۆ و دراما، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و هاوژینەکەی دەڵێت ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
د. نیاز لهتیف، هونهرمهند و هاوژینی رووبار ئهحمهد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە هاوژینەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و ئێستا لە ماڵەوەیە و خۆی کەرەنتینکردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا باری تەندروستیی رووبار ئەحمەد تاڕادەیەک جێگیرە و نیشانەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسەی هەیە، لەوانە کۆکە و ئێستا چارەسەری پێویست لە ماڵەوە وەردەگرێت.
د. نیاز لهتیف له ههژماری تایبهتیی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبووك بۆ رووبار ئهحمهد نووسیویهتی: "دڵنیام ڤایرۆسی کۆرۆنا له ئاست ورهبهرزی و خۆڕاگریت چۆك دادهدات، خۆشەویستم خوازیارم زوو چاك ببیتهوه".
رووبار ئەحمەد دەرچووی بەشی نواندنی شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەغدایە، مامۆستا بووە لە پەیمانەگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و بەڕێوبەری قوتابخانەی (فێرگەی بالێ و مۆسیقای سلێمانی) بووە، بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی هونەری شانۆ و بەرهەمی سینەمایی و تەلەفیزیۆنیدا کردووە.
پێشتر نیاز نووری، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، هەریەک لە عەتا چاوشین، گۆرانیبێژ. ئازادی مەحموود تۆفیق، گۆرانیبێژ. تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شانۆی سلێمانی. نەرمین کاوانی، ئەکتەر. یاسین قادر بەرزنجی، ئەکتەر تووشی کۆرۆنا بوون.
رۆژی چوارشەممە 17ی حوزەیران دوای تێکچوونی دۆخی تەندروستی و دەرکەوتنی بەشێکی زۆر لە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، عەتا چاوشینی تەمەن 58 ساڵ، گەیێندرایە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ، دوای پێنج رۆژ لە هەمان نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ