لارا دزەیی دیزاینەکانی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس نمایش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لارا دزەیی، بە دیزاینەکانی بۆ جلوبەرگی کوردی، نەوەک تەنیا سەرنجی کوردی راکێشاوە، بەڵکو لە ئاستی میدیا جیهانییەکانیشدا گرنگی بە دیزاینەکانی دەدرێت، ئەمجارە بۆ زیاتر ناساندنی بەرهەمەکانی لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا، بەشداری لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس لە فەرەنسا دەکات.
دزەیی، ماوەی ساڵێکە لە جیهانی فاشندا کار دەکات و دیزاینەکانی لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی بەرفراون بڵاوکراونەتەوە، ئەویش لەلای خۆیەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات، براندێکی تایبەت بە جلوبەرگی کوردی هەبێت و ناسنامەیەکی نێودەوڵەتیی پێبدات.
لارا دزەیی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کۆمەڵە دیزاینەکانی تایبەت بە جلوبەرگی کوردی ژنان، لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس نمایشبکات کە چالاکییەکانی لە مانگی حەوتی 2023 لە پاریسی فەرەنسا سازبکرێت.
ئەو خانمە دیزاینەر کوردە، لە نيسانی 2022 يەکەم کۆلێکشنی بەناوی 'خەون' بڵاوکردەوە کە بريتی بو لە 14 ديزاين.
لە کۆلێکشنی دووەم بەناوی 'ئاگر' يەکێک لە ديزانەکانی پێشکێش بە 'ژن، ژیان، ئازادی' درووشمی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ژینا ئەمینی کرد. کۆلێکشنی ئاگر لە 12 دیزاین پێکهاتبوو.
دیزاینەکانی کۆلێکشنی 'ئاگر' لە چیای سەفین و بیستانە وێنەگیرابوون و ژمارەیەک مۆدێلی کورد و بیانی تێیدا بەشداربوون.
لە نیسانی ئەمساڵدا، لارا دزەيی دیزاینی 'دەستوری دزەيی' لە کۆمەڵە دیزاینی نوێی 'زەريا' بڵاوکردەوە و چەند دێرە شیعرێکیشی لەبارەی کۆمەڵە دیزاینەکە بڵاوکردەوە.
لارا ماڵپەڕێکی تایبەتی بە دیزاینەکانی هەیە و تا ئێستا چەندین کۆڵێکشنی نوێ و سەرنجڕاکێشی کوردی بڵاوکردوونەتەوە.
لارا دزەیی، خەڵکی باشووری کوردستانە و کچی هونەرمەند هۆمەر دزەییە؛ لە شاری ڤیەننا لە نەمسا لەدایکبووە، لە ئەمریکا گەورە بووە. بڕوانامەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆی جۆرج مەیسن هەیە، 15 ساڵە لە هەولێر ژیان بەسەر دەبات، زمانی ئینگلیزی، کوردی، فارسی، عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت.
13 ساڵە لە کەرتی نەوت و گازدا کاردەکات، لە هەمان کاتدا بڕیاریداوە خولیای راستەقینەی خۆی دەربخات و جلوبەرگی کوردی بە شێوەی کلاسیک و مۆدێرن دیزاین بکات.
هەفتەی نمایشی جلوبەرگی پاریس، زنجیرەیەک نمایشی وەرزی لەخۆدەگرێت، لەوانەش نمایشی بەهار/ هاوین و نمایشی پاییز/ زستان، جگە لە نمایشی جلوبەرگی خانمان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوان و 'هۆت کوتیرۆ'ـی هەیە کە تایبەتە بە دیزاینی جلوبەرگی ناوازە.
لەم هەفتە نمایشی جلوبەرگەدا، براندی وەک دیۆر، شانێل، کینزۆ و لوی ڤیتۆن بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو.
هەفتەی نمایشی جلوبەرگی پاریس، لە پاڵ هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان، لەندەن و نیۆیۆرک، بە گرنگترین چوار هەفتە نمایشی جلوبەرگ لە جیهاندا هەژمار دەکرێن.