لە سلێمانی میوزیکی کوردی و ئیتاڵی تێکهەڵکێشکران
رووداو دیجیتاڵ
دووەمین کۆنسێرتی ئەمساڵی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا میوزیکی کوردی و ئیتاڵی تێکهەڵکێشکران و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکە بوو.
چوار هونەرمەندی کورد و چوار هونەرمەندی ئیتاڵی بەشداربوون و چەند بەرهەمێکیان پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
کۆنسێرتەکە ئێوارەی رۆژی شەممە 27ـی نیسانی 2024 لە هۆڵی تەواری سلێمانی بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هۆگرانی میوزیک و گۆرانی ئامادەبوون.
هەژار زەهاوی، بەرپرسی ماڵی میوزیکیی زەهاوی، بە رووداوی راگەیاند، بە بەشداری چوار هونەرمەندی کورد و چوار هونەرمەندی ئیتاڵی، میوزیکێکی تێکهەڵکێشیان پێشکێشکرد، واتە تێکهەڵکێشکردنی ئاواز، ریتم و ئامێری میوزیکی کوردی لەگەڵ میوزیکی ئیتاڵی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمە ئەزموونێکی نوێیە لە نێو میوزیکی کوردی، بەڵام لە نێو گەلانی دیکەدا، ئەو ئەزموونە زۆر تاقیکراوەتەوە.
کۆنسێرتەکە دەبێتە دووەم کۆنسێرتی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە 2024ـدا، یەکەم کۆنسێرتی لە مانگی ئاداری رابردوو لە "ئەربیل هێڵز" لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا میوزیکی کوردی و فەرەنسی تێکهەڵکێشکران.
ئالێساندرۆ ڤێنسا، هونەرمەندی ئیتاڵی، بە رووداوی راگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم توانیم جارێکی دیکە بگەڕێمەوە کوردستان و لەبارەی کولتووری کوردییەوە زیاتر بزانم، هەروەها دەرفەتمان بۆ رەخساوە میوزیکژەن و هونەرمەندەکان بناسین، کە لەرێگەی میوزیکەوە گوزارشت لە کولتووری کوردی دەکەن. هەروەها زۆر خۆشحاڵین بەم ئاڵوگۆڕە میوزیکییەی لەگەڵ میوزیکژەنانی کورد دەیکەین، چونکە ئەزموونێکی زۆر خۆشە".
دێنیس دی مارییا، هونەرمەندی ئیتاڵی لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆنسێرتەکەدا گوتی: "کاتێک داوایان لێکردم بۆ ئێرە بێم، هەرزوو پەسەندم کرد، بەڵام پێشبینیم نەکردبوو هێندە کولتوور و سرووشتی ناوچەکە جوان بێت و لەگەڵ ئەم میوزیکژەنە نایابانە کۆنسێرتێکی لەم جۆرە جوانەمان بۆ بکەن، زۆر سوپاس بۆ هەموو شتێک".
ماڵی میوزیکی زەهاوی پلانی ئەوەی هەیە ئەمساڵ سێ کۆنسێرتی دیکەش سازبکات، تێیدا گرووپی میوزیکی بیانی و گرووپی میوزیکی کوردی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەشدار دەبن و بەرهەمی هاوبەش پێشکێش دەکەن.
هەژار زەهاوی لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە هەولێر راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.