پێشاندانی 'Oppenheimer' لە ژاپۆن مشتومڕ بەدوای خۆیدا دێنێت
رووداو دیجیتاڵ
'Oppenheimer' فیلمە پڕ مشتومڕەکەی 2023 و براوەی زۆرترین خەڵاتەکانی 2024، بڕیارە لە سینەماکانی ژاپۆن پێشانبدرێت، ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە لە 10ـی ئاداری 2024 لە سینەماکانی ئەو وڵاتە پێشانبدرێت و کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا گەیشتووەتە 953 ملیۆن و 313 هەزار دۆلاری ئەمریکی، ئەمە لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی 100 ملیۆن دۆلارە.
بەرهەمەکانی کۆمپانیای 'یونیڤێرساڵ'ـی ئەمریکا، لەلایەن کۆمپانیای 'تۆهۆ' لە ژاپۆن بڵاودەکرێنەوە، بەڵام بەرهەمی ئەمجارەی ئەو کۆمپانیایەی بڵاونەکردووەتەوە و کۆمپانیای 'بیتەرز ئێند' ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە.
فیلمەکە باس لە چیرۆکی جەی رۆبەرت ئۆپنهایمەر، زانای فیزیایی دەکات کە خاوەن تیۆرێکی پڕ مشتومڕ بووە و سەرپەرشتی پەرەپێدانی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لە جەنگی جیهانی دووەمدا کردووە.
ئەم بەرهەمە باس لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە دژ بە ژاپۆن دەکات، هەرچەند کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە دڵگرانی خۆی لە بەکارهێنانی ئەو چەکە پێشاندەدات، بەڵام دیوێکی دیکەی فیلمەکە سەرکەوتنی ئەمریکا دژ بە نەیارەکانی لە رێگەی ئەو چەکە پێشاندەدات.
'Oppenheimer' بەم دواییە بۆ 13 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکرا و لە وەرزی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە ئەمریکا چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانەش پێنج خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و هەشت خەڵاتی هەڵبژاردەی رەخنەگرانی بەدەستهێناوە.
پێشاندانی تایبەتی 'Oppenheimer' لە 2023 لە لەندنی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کریستۆفەر نۆلان و بەشێکی کەم لە ئەکتەرانی بوو، هۆکارکەی مانگرتنی ئەکتەرانی هۆلیوود بوو کە بایکۆتی ئامادەبوون لە وێنەگرتنی فیلم و پێشاندانی تایبەتی فیلمەکانیان کردبوو.