تاوانبارانی پێرو لەسەر تەختی شانۆ نواندن دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

لە لیمای پێرو، ژمارەیەک تاوانبار بە تاوانی جیا جیا لە زینداندان و لەسەر تەختی شانۆ بەرهەمێکی شانۆیی پێشکێش دەکەن.
 
بەرهەمە شانۆییەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت و ماڵباتی زیندانیان، لە هۆڵی "گراند تیاترۆ ناسیۆناڵ" پێشکێشکرا کە گەورەترین هۆڵی شانۆیە لە پێرو و بینینی نمایشەکە بێ بەرامبەرە.
 
بەرهەمە شانۆییەکە میوزیکئامێزە و باس لە زیندانییەک دەکات کە بە تاوانی دزین زیندانیکراوە.
 
زیندانیان بەرهەمی شانۆیی "Lurigancho, the musical" پێشکێش دەکەن و سەت پاسەوان چاودێریان دەکەن.
 
ژمارەی ئەکتەرە بەشداربووەکان لە بەرهەمە شانۆییەکەدا زیاتر لە 30 زیندانین و لە زیندانێکدا زیندانی کراون کە ژمارەیان 10 هەزار زیندانییە.
 
ئەندامانی بەرهەمە شانۆییەکە بە تاوانی دزینی گەورە و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر تاوانباران، بەڵام بەهۆی رەفتاری باشیان لە نێو زینداندا، لە 2023یەوە سێ بەرهەمی شانۆییان پێشکێشکردووە.
 
زیندانییەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک راهێنانیان لە نێو زینداندا کردووە بۆ رۆڵگێڕان لە شانۆگەرییەکەدا. 
 
لە پێرۆ 69 زیندان هەن و 98 هەزار و 127 زیندانی تێیدا دەمێننەوە، لە کاتێکدا زیندانەکانی ئەو وڵاتە جێگەی 41 هەزار و 556 زیندانی تێدا دەبێتەوە.