لیۆناردۆ دی کاپریۆ پاڵپشتی لە کامالا هاریس دەکات


رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەندان لە ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی بەربژێری کۆماری و دیموکراتەکان بوونەتە دوو بەرەوە، لیۆناردۆ دی کاپریۆ، ئەکتەری ئەمریکی، پاڵپشتی خۆی بۆ کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان راگەیاند.
 
بیانووی دی کاپریۆ بۆ پاڵشتیکردن لە هاریس، گرنگی نەدانی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانە بە مژاری گۆڕانی کەشوهەوا. 
 
ئەو ئەکتەرە ڤیدیۆیەکی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە ئینستگرام بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دۆناڵد ترەمپ کاتێک سەرۆکی ئەمریکا بووە، لە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا کشاوەتەوە. 
 
هەروەها دەڵێت: "گۆڕانی کەشوهەوا زەوی دەکوژێت و ئابووریمان لە نێو دەبات، ئێمە پێویستیمان بە هەنگاوێکی بوێرانەیە بۆ پێشەوە، بۆ رزگارکردنی ئابووری، هەسارە و خۆمان. بەو هۆیەوە دەنگ بۆ کامالا هاریس دەدەم".
 
هەروەها داوا لە هەوادارانی دەکات لەگەڵ ئەو دەنگ بە هاریس بدەن، بە بڕوای ئەو بە دەنگدان بەو بەربژێرە؛ نایانەوێت بگەڕێنەوە دواوە.
 
روونیشیکردەوە، زریانەکانی هیلین و میڵتن کە تووشی وەڵاتەکەیان بوو، مەترسییەکانی کارەساتە سرووشتییە بەردەوامەکان دەخاتەڕوو کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدەن.
 
یەکەمجارە دی کاپریۆ راشکاوانە داوای دەنگدان بۆ بەربژێرێکی ئەمریکا دەکات، لە هەڵبژاردنی ئەمریکا لە 2020 کە جۆن بایدن سەرکەوت و بانگەشەی بۆ پاراستنی ژینگە دەکرد، ئەو ئەکتەرە جگە لە بەشداریکردنی لە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی پارە بۆ بەربژێربوونی بایدن لە لۆس ئەنجلس، هیچ ئاماژەیەکی دیکەی نەبوو بۆ پاڵپشتیکردنی بەربژێری دیموکراتەکان.
 
لە 2016 بە شێوەیەکی نا راستەوخۆ داوای کرد دەنگ بەو بەربژێرە بدەن کە بڕوایان بە پاراستنی کەشوهەوا هەیە، مەبەستی دەنگدان بوو بە هێلاری کلینتن، بەربژێری دیموکراتەکان.
 
5ـی تشرینی دووەمی 2024 خەڵکی ئەمریکا بڕیار دەدەن کێ لەو وڵاتە دەبێتە سەرۆک. هەڵمەتەکانی بانگەشە گەرمن و یەکێک لە مژارە گەرمەکانیش پرسی کۆچبەری نایاساییە.
 
لیۆناردۆ دیکاپریۆ، یەکێک لە ئەستێرە هۆلیوود و جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر، تاوەکو 2019، داهاتی فیلمەکانی گەیشتە حەوت ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هەشت جار ناوی لە ریزبەندی یەکەمی لیستی ساڵانەی ئەو ئەکتەرانەدا هاتووە کە زۆرترین کرێیان لە بەرامبەر رۆڵگێڕان لە فیلمدا وەرگرتووە.