ئەلبوومەکەی کازم ساهیر پڕفرۆشترینە
رووداو- ئاژانسەکان
ئەلبوومە نوێیەکەی کازم ساهیر هونەرمەندی ناوداری عیراقی کە بەناوی "كتاب الحب" بوو، دوای بڵاوبوونەوەی پێشوازییەکی زۆری لێکراوەو لە وڵاتانی عەرەبی پڕ فرۆشترین ئەلبووم بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا چاپی یەکەمی ئەم ئەلبوومە لە لوبنان نەماوەو هەوڵدەدەن چاپی دووەمی بخەنە بازاڕەوە.
بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەفتەی رابردوو هەموو ئەلبوومەکانی کازم ساهیر لە بازاڕی لوبنان نەماوو فرۆشران، لەگەڵ ئەوەشدا لە تۆڕەکانی ئەلکترۆنی داخوازییەکی یەکجار زۆری لەسەر هەیە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی کازم ساهیر داوای چاپکردنی زیاتری ئەلبوومەکە بکەن.
کازم ساهیر مانگی رابردوو لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا کە بەسەرپەرشتی ئاسیا سێل لە لوبنان ئەنجامدرا، ئەلبوومەکەی خۆی بڵاوکردەوە، کە لە 11 تراکی گۆرانی پێکهاتووەو بەشێکی زۆر ئەلبوومەکە لە تێکستی نزار قەبانییەو کازم ساهیر خۆشی ئاوازی بۆ گۆرانییەکان داناوە.