بە بەڵگەفیلمێکی رووداو هەشتەمین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی ئامەد دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چالاکییەکانی هەشتەمین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی ئامەد، بە بەڵگەفیلمێکی رووداو لەبارەی زمانی دایک دەستپێدەکات و بەرهەمی ژمارەیەک فیلمسازی کورد و بیانی تێیدا پێشاندەدرێن.
 
فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە 27ـی ئەیلوول تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، تێیدا 31 بەڵگەفیلمی درێژ و کورت بەشدارن، جگە لە بەرهەمی فیلمسازانی باکووری کوردستان، بەرهەمی فیلمسازانی باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشدارن.
 
فێستیڤاڵەکە بە بەڵگەفیلمی 'زمانی دایک' لە دەرهێنانی سەرکێو مسگەری، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداو دەستپێدەکات. ئەم بەرهەمە لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی وەرگرتووە.
 
سەرکێو مسگەری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکەی لە دەستپێکی فێستیڤاڵدا پێشاندەدرێت و خۆیشی لە فێستیڤاڵ و پێشاندانی فیلمەکە ئامادە دەبێت.
 
ئەم بەرهەمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە و بەرهەمی 2021ـە و هەر لەو ساڵەدا لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکراوە و ماوەکەی 43:14 خولەکە.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە بەرهەمی 'زمانی دایک'، چەند بەرهەمێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارن، لەوانە بەڵگەفیلمی 'پاشا، دایکم و من'، 'سێزدەی مەی'، 'کوێستان، روانگەیەکی ژنانە'، 'حەوت سێمفۆنی زاگرۆس'، 'تاقیگەی ژمارە 2'، 'دارتاش' و 'هیوا'.
 
'هارمۆنی دوای جەنگ' بەڵگەفیلمێکی دیکەی رووداوە کە لە دەرهێنانی پابلۆ تۆسکۆ و میگێل رووتە و لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە کە بەرهەمی 2020ـە و براوەی چەندین خەڵاتی جیهانییە.
 
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا، بەڵگەفیلمێکی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد بەناوی 'جوانیی شارەوەی عێراق' بەشدارە کە لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، ئەو فۆتۆگرافەرە کۆچی دوایی کردووە.
 
بڕیارە لە رۆژی کۆتایی فێستیڤاڵدا، بەڵگەفیلمی درێژی 'سدیق و پڵینگ' لە دەرهێنانی رێبەر دۆسکی پێشانبدرێت و بەرهەمی 2019یە.
 
جگە لە بەرهەمی فیلمسازانی کورد، بەرهەمی ژمارەیەک فیلمسازی وڵاتانی دیکە جیهان پێشاندەدرێن.