فیلمی دەرهێنەرێکی کورد نوێنەرایەتیی عێراق لە ئۆسکار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "مێسیی بەغدا" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، لە دوای بەشداربوونی لە زیاتر لە 30 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا، بۆ نوێنەرایەتیکردنی عێراق لە خەڵاتەکانی ئۆسکاری 2025 هەڵبژێردرا.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سینەما و شانۆی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی سەربەخۆی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان فیلمەکەی بۆ ئۆسکار هەڵبژاردووە، بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی بەربژێربوون بۆ ئەو خەڵاتەی تێدایە. 
 
ئەم بەرهەمە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و بە بەشداری هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان و عێراق وێنەگیراوە، بەشێکی بودجەکەی لە بەخشین بۆ سینەما لە 2021 لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری عێراق دابینکراوە، کۆمپانیای "رولە" پرۆدەکشن لە بەغدا و بەرهەمهێنەر محەممەد غەزبان، رۆڵێکی بەرچاویان لە ناساندنی فیلمەکە وەک بەرهەمێکی دیاری عێراقی هەبووە، پێشتر لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان، بەغدا و بەسرە پێشاندراوە. 
 
فیلمەکە لە زیاتر لە 30 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە، لەوانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لۆکسمبۆرگ، فێستیڤاڵی فیلمی مالمۆ بۆ سینەمای عەرەبی لە سوێد و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێند لە بەلجیکا.
 

"مێسیی بەغدا" چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە، خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن لیژنەی دادوەری گەنجان لە 28ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شلینجل، باشترین فیلم، باشترین دەرهینەر و سیناریۆ لە 26ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا، فیلمی دەستپێکی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بوو و خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی، هەروەها خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر و ئاماژەپێدانی تایبەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا بەدەستهێناوە.
 

هەر وڵاتێک فیلمێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دیاریی دەکات و دەچێتە لیستی درێژی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتەکە، دوای هەڵسەنگاندنی فیلمەکان، چەند فیلمێک لە کورتە لیستێکدا بەربژێری ئۆسکار دەکرێن و یەکێکیان دەبێتە براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی.
 

لە فیلمەکەدا ئەحمەد محەممەد، ئەسیر عادل، زەهرا غەندوور، سەفا نەجم و حوسێن حەسەن عەلی، رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
"مێسیی بەغدا" وێنەیەکی کاریگەری واقیعی عێراق، لە رێگەی چیرۆکی حەموودی تەمەن 11 ساڵ پێشاندەدات کە لە پێناو تۆپی پێ دەژی و خەون بەوە دەبینێت ئایندەی وەک پاڵەوانەکەی، مێسی بێت. بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە لە بەغدا، قاچێکی لەدەستدەدات، بەڵام دەستبەرداری خەونەکەی نابێت و دایک و باوکی لە پێناو پاراستنی خێزانەکەیان، پاڵپشتی دەکەن.
 

هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە بەشدارن. کۆمپانیای وایلد بۆنچ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
 
چیرۆکی فیلمەکە پێشتر وەک کورتەفیلم بەرهەمهاتووە براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کراوە.
 

ئەحمەد محەممەد رۆڵی سەرەکی لە فیلمی "مێسی بەغدا" دەگێڕێت و منداڵێکی نیڤشکانی شاری روومایی عێراقە، لە 19ـی ئاداری 2023 لە نێو یاریگە لە پاریسی فەرەنسا؛ چاوی بە هەردوو ئەستێرەی جیهانی لیۆنیێل مێسی و کیلیان ئێمباپێ کەوت و درێسی مێسیی بە واژۆی ئەو یاریزانە وەرگرت.
 

سەهیم عومەر خەلیفە، لە دایکبووی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستانە و لە بەلجیا دەژی، بڕوانامەی ماستەری لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، خاوەنی چوار کورتەفیلم و دوو فیلمی بڵندی سینەمایی و بەڵگەفیلمێکی درێژە، لە رێگەی فیلمەکانییەوە زیاتر لە 120 خەڵاتی بەدەستهێناوە، دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمەکانی لە کورتە لیستی کورتە فیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکاردا بوون و یەکێکە لە ئەندامانی ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو کە ژمارەیان زیاتر لە شەش هەزار ئەندامن و بۆچوونیان لەبارەی فیلمەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار وەردەگیرێت.