لە سلێمانی بەرهەمهێنانی فیلمی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی، پڕۆژەیەکی نوێی سینەمایی راگەیێندرا، ئەویش بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا'یە و جگە لە ستافی فیلمەکە، ژمارەیەک لە کەسایەتی ئیداری، میدیاکاران، هونەرمەندان و رۆشنبیران ئامادەبوون.
 
'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' لە دەرهێنانی شوان عەتووفە و هەریەک لە ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، رێشان حەمۆ و سرووشت کامەران رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
پڕۆژەکە ئیوارەی دوێنی دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023 لە یەکێک لە هوتێلەکانی سلێمانی راگەیێندرا و ماهیر حەسەن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چیرۆکی فیلمەکە باس لەوە دەکات کە کۆرۆنا چ ماڵوێرانییەکی بەسەر مرۆڤایەتیدا هێنا و چۆن خۆشەویستی نەهێشت. هیوای ئەوەشی خواست، کارێک پێشکێش بکەن کە لە ئاستی خواستی بینەرەکانیان بێت.
 
سۆران عوسمان بەرهەمهێنەر فیلمەکە و خاوەنی کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەم بەرهەمە لە 1ـی ئابی 2023 کاری وێنەگرتنی دەستپێبکات و وێنەگرتنی 40 بۆ 45 رۆژ بخایێنێت و بڕیارە لە 2024 لە سینەماکانی باشووری کوردستان و بەغدا پێشانبدرێت.
 
رووداوەکانی فیلمەکە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان روودەدەن و کاری وێنەگرتنی لە سلێمانی دەکرێت.
 
سۆران عوسمان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمارکێتینگەوە، هەردوو شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' و 'تۆ مەچۆ بۆ شەڕ'ـی بەرهەمهێناوە، جگە لە بەرهەمهێنانی چەند کورتە فیلمێک و 'خۆشەویستی لە سەردەمی کرۆنا' نوێترین پڕۆژەیەتی.