نوێترین فیلمی هونەر سەلیم لە سینەماکانی فەرەنسا پێشاندەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

'Goodnight, Soldier' نوێترین فیلمی هونەر سلیم، دەرهێنەری کوردە و ئەمڕۆ دووشەممە 27-6-2022، پێشاندانی تایبەتی لە پاریسی فەرەنسا بۆ دەکرێت. 
 
لەم بەرهەمە سینەماییە دراماییەدا، هەردوو ئەکتەری کورد دلین دوگەر و گەلیار نێروەیی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و ماوەکەی یەک کاژێر و 37 خولەکە.
 
ئەم بەرهەمە باس لە هەردوو کارەکتەری زینێ و ئەڤدال دەکات، سەرەڕای ناکۆکی نێوان ماڵباتەکانیان، بەڵام ئەوان شێتانە عاشقی یەکدین و دواتر ژیانی هاوژینی پێک دێنن.
 
بڕیارە لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە، بەشێک لە ستافی فیلمەکە ئامادە بن و لە 29-6-2022 لە سینەماکانی فەرەنسا پێشاندەدرێت.
 
گەلیار نێروەیی، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە، بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە لە 2019 وێنەگیراوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵە سینەماییەکان، بڵاوکردنەوەی دواخرا.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، فیلمێکی زۆر لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کۆبوونەتەوە و دەرفەتی پێشاندانی ئەو هەموو فیلمە زۆرە لە سینەماکاندا سەختە و فشار لەسەر سینەماکان هەیە، بەڵام بۆ ئەوان مایەی دڵخۆشییە فیلمەکەیان لە تەواوی شارە گەورەکانی فەرەنسا پێشاندەدرێت.
 
ھونەر سەلیم، لە 1964 لە قەزای ئاکرێی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە تەمەنی 17 ساڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە ئەوروپا، یەکەمین فیلمی لە کوردستان بەرهەمهێناوە، ئەکتەرەکانی، باوک و براکەی بوونە، بەڵام کارەکانی تەواو نەبوون، لەگەڵ ئەوەش وەک فیلمێکی تەواو نەکراو لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیز لە ئیتاڵیا خەڵاتکرا. 
 
ئەو دەرهێنەرە کوردە ئێستا لە فەرەنسا دەژی و دەرهێنەری چەندین بەرهەمی سینەماییە، لە فیلمە بەناوبانگەکانی 'ڤۆدگا لیمۆ' کە لە 2004 بڵاوکرایەوە، هەروەها دەرهێنەری فیلمی 'کیلۆمەتر زیرۆ' لە 2005، 'دۆڵ' لە 2007، 'ئەگەر بمریت دەتکوژم' لە 2010 و 'وڵاتە تیژە شیرینەکەم' لە 2013یە.