لە کان خەڵاتەکانی 'Un Certain Regard' دابەشکران
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، جگە لە خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵ کە چڵەخورمای زێڕینە، چەند خەڵاتێکی دیکە دابەش دەکرێن، لەوان خەڵاتی 'Un Certain Regard' و شەوی رابردوو خەڵاتەکان راگەیێندران.
لە خەڵاتەکانی 'Un Certain Regard' پشکی شێر بەر سینەمای عەرەبی و ئەفریقی کەوت و خەڵاتی لیژنەی دادوەری بەخشرایە 'سەگەکانی راو' لە دەرهێنانی کەمال لرزق بەرهەمی مەغریب، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بەخشرایە ئەسما مودیر، دەرهێنەری مەغریبی بۆ فیلمی 'درۆی سپی'.
هەر لە چوارچێوەی بەخشینی خەڵاتەکانی 'Un Certain Regard'، خەڵاتی ئازادی بە فیلمی 'ماڵئاوا جولیا' لە دەرهێنانی محەممەد کردفانی، دەرهێنەری سوودانی بەخشرا و خەڵاتی دەنگی نوێ بە فیلمی 'Omen' لە دەرهێنانی بالوجی، دەرهێنەری کۆنگۆیی بەخشرا.
لە لایکی دیکەوە و لەدوای 12 رۆژ چالاکی جیا جیا لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023 چالاکییەکانی کۆتایی بێت و خەڵاتەکانی رابگەیێندرێن، گرنگترینیان خەڵاتی چڵەخورمای زیڕینە.
لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا 21 فیلم لە بەشی پیشبڕکێدان و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین دەکەن.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 16ـی ئایاری 2023 لە شاری کانی کەنار دەریایی فەرەنسا دەستیپێکرد، تاوەکو 27ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، یەکێک لە میوانە دیارەکانی هاریسن فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی و جیهانی بوو و خەڵاتی شانازیی چڵەخورمای زێڕێنی پێبەخشرا و ئەمساڵ بە فیلمی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' بەشدارە کە بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones'یە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.