هەژار زەهاوی لە کۆنسێرتێکی فیستیڤاڵی ئەلعولا لە سعودیە بەشداربوو


رووداو دیجیتاڵ

هەژار زەهاوی، هونەرمەند و دەفژەنی ناسراوی کورد، لە کۆنسێرتێکدا لەگەڵ نەسیر شەممە، هونەرمەند و ژەنیاری ناسراوی عێراقی و ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە، لە سعودیە بەشداربوو.
 
کۆنسێرتەکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فیستیڤاڵی ئەلعولا بۆ کات بەسەربردن و پشوودان لە شاری ئەلعولای سعودیە سازکرا کە چالاکییەکانی لە 19-3-2022 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
لە کۆنسێرتەکەدا هەژار زەهاوی وەک هونەرمەندێکی کورد لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی بەڕازیل، رووسیا، میسر، عێراق، مەکسیک و ئیسپانیا بەشداربوو و چەند بەرهەمێکی میوزیکیان لە 25-3-2022 پێشکێش بە ئامادەبووان کرد.
 
کۆنسێرتەکە لە بناری بەناوبانگترین شاخی شاری ئەلعولا سازکرا و رووناکییەکی تایبەتی بۆ دانرابوو کە لەگەڵ شوێنەکە و مێژووەکەی دەگونجا.
 
سعودیە لەم چەند ساڵەی دواییدا کرانەوەیەکی زۆری پێوە دیارە و گرنگی بە چالاکی هونەری و گەشتیاریی دەدات، کاری بۆ ئەوە دەکات شاری ئەلعولا بکاتە شارێکی کولتووری و بودجەیەکی گەورەی بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکردووە.
 
ئەلعولا، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سعودیە، مێژووی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەو شارە بۆ چوار هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و بە یەکێک لە گرنگترین شارە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتە دەناسرێت.
 
دوایین بەرهەمی هەژار زەهاوی بەناوی 'Wake up Ur'ـە و لە 16-12-2021 لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە کە لە شاری ئووری مێژوویی لە عێراق وێنەگیراوە.