زەین مالیک نوێترین کلیپ بڵاودەکاتەوە


رووداو - ئاژانسەکان 

زۆربەی گرووپە میوزیکییەکان، لە دوای بەدەستهێنانی دەستکەوتی زۆر و بەناوبانگبوونیان، دواجار لەیەکتر جیادەبنەوە و ئەندامانی بەدوای سەرکەوتنی تاکە کەسیدا دەگەڕێن.


گرووپی وەن دایرێکشن، یەکێکە لە گرووپە میوزیکییە ناسراوەکانە لەسەر ئاستی بەریتانیا و جیهاندا، پێشتر لە پێنج گۆرانیبێژ پێکهاتبوون، بەڵام دوای جیابوونەوەی زەین مالیک، ئێستا ژمارەیان چوار گۆرانیبێژە و ئەو چوار ئەندامەش بۆ ماوەی یەک ساڵ پشوویان داوە و چالاکییەکانیان وەستاندووە.

زەین مالیک لە 25 مارسی پارساڵدا، جیابوونەوەی خۆی لەو گرووپە راگەیاند، بۆ ئەوەی بە تەنیا درێژە بە هونەرەکەی بدات.

پێشبینی دەکرا لە دوای جیابوونەوەی ئەو گۆرانیبێژە لە گرووپەکە، ببێتە هۆکاری ئەوەی گرووپەکە بە تەواوەتی هەڵبوەشێتەوە، بەڵام پێشبینییەکان بە پێچەوانەوە بوون و لە دوای ئەو چەند ریکۆردێکی نوێیان تۆمارکرد.

زەین مالیک، لە دوای جیابوونەوەی لە وەن دایرێکشن، یەکەم بەرهەمی خۆی بەرهەمهێناوە، ئەوەیش گۆرانییەکە بەناوی پێلۆ تالکە Pillowtalk و بڕیارە لە 29 ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە.

مالیک لەبارەی ئەو گۆرانییەوە رایگەیاند، ئەم بەرهەمەی لەبارەی شتێکەوەیە کە بەشێکی گرنگە لە ژیانی هەر مرۆڤێکدا.

زەین مالیک ساڵی 1993ـدا لە باوکێکی پاکستانی و دایکێکی ئێرلەندی، لە رۆژئاوای یۆرکشێر لە بەریتانیا لە دایکبووە، لەرێگەی گرووپی وەن دایرێکشن ناوبانگی دەرکرد.