ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆنسێرتی میوزیکی کوردی و ئەرمەنی بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

ماڵی میوزیکیی زەهاوی، کۆنسێرتێک بۆ گرووپێکی میوزیکی ئەرمەنی لە سلێمانی سازدەکات، هونەرمەندانی کوردیش تێیدا بەشدار دەبن و میوزیکی هەردوو نەتەوە ئاوێتە یەکدی دەکرێت.
 
هەژار زەهاوی، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ماڵی میوزیکیی زەهاوی، بانگهێشتی گرووپێکی میوزیکی ئەرمەنییان کردووە، جگە لە پێشکێشکردنی میوزیک و گۆرانی ئەرمەنی، هونەرمەندانی کوردیش بەشدارن، لەوانەش حیسام لوڕنەژاد، هونەرمەندی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمە دوایین کۆنسێرتی 2024ـی ماڵی میوزیکی زەهاوی دەبێت کە ساڵانە چەند کۆنسێرتێک ساز دەکات و ماوەی سێ ساڵە پڕۆژەکە بەردەوام بوو.
 
کۆنسێرتەکە کاژێر 7:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2024 لە سینەما سالم لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
 
هەژار زەهاوی لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە هەولێر راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.