باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر دیزاینێکی لارا دزەیی دەپۆشێت
رووداو دیجیتاڵ
هێرۆ مستەفا، باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر، لە بۆنەیەکی هونەریدا لە میسر، جلوبەرگی کوردی دەپۆشێت کە لە دیزاینی لارا دزەیی، دیزاینەری کوردە.
لارا دزەیی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرۆ مستەفا، باڵیۆزی ئێستای ئەمریکا لە میسر کوردە و خەڵکی باشووری کوردستانە و جلوبەرگی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی جۆنە پۆشیوە. گوتیشی: "پەیوەندی پێوە کردم و گوتی دیزاینەکانی تۆم بەلاوە جوانە و بۆ ئەو بۆنەیە دەمەوێت جلوبەرگی کوردی لە دیزاینەکانت بپۆشم".
هێرۆ قادر مستەفا، دیپلۆماتکارێکی کوردە لە ئەمریکا، لە تشرینی دووەمی 2023 وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر دەستبەکاربووە، لە تشرینی یەکەمی 2019 تاوەکو ئاداری 2023 لە بولگاریا هەمان بەرپرسیارییەتی هەبووە.
لارا دزەیی، رایگەیاند، ئەو دیپلۆماتکارە کوردە – ئەمریکییە، دیزاینەکانی پێشتر لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس بینی بوو و یەکێک لە دیزاینەکانی کۆلێکشنی "زەریا"یە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر، لە حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی جونە لە میسر ئامادەبوو و ئەو جلوبەرگەی پۆشیبوو کە چالاکییەکانی لە 24ـی تشرینی یەکەم تاوەکو 1ـی تشرینی دووەمی 2024 بەردەوام دەبێت.
هێرۆ مستەفا، بە میدیاکانی میسری راگەیاندووە، ئەو کوردە و ئەو جلوبەرگە کوردییەی لە دیزاینی لارا دەزیی بۆ فێستیڤاڵەکە پۆشیوە.
لارا دزەیی، کچی هونەرمەند هۆمەر دزەییە و لە شاری ڤیەننا لە نەمسا لەدایکبووە، لە ئەمریکا گەورە بووە. بڕوانامەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆی جۆرج مەیسن هەیە، 16 ساڵە لە هەولێر ژیان بەسەر دەبات، زمانی ئینگلیزی، کوردی، فارسی، عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت.
13 ساڵە لە کەرتی نەوت و گازدا کاردەکات، لە هەمان کاتدا بڕیاریداوە خولیای راستەقینەی خۆی دەربخات و جلوبەرگی کوردی بە شێوەی کلاسیک و مۆدێرن دیزاین بکات.
یەکەم هەنگاوی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، کۆمەڵە دیزاینێکی بەناوی "زەریا" لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس نمایشکرد کە بە یەکێک لە گرنگرتین هەفتە نمایشەکانی جلوبەرگ لە جیهاندا دەناسرێت.
لارا دزەیی، لە بەهاری 2022 یەکەم کۆمەڵە دیزاینی بەناوی "خەون" بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا، دواتر کۆمەڵە دیزاینی "ئاگر" و "زەریا"ـی بەدوادا هات. لە نیسانی 2023، دیزاینی "دەستووری دزەيی" لە کۆمەڵە دیزاینی نوێی "زەريا" بڵاوکردەوە و چەند دێرە شیعرێکیشی لەبارەی کۆمەڵە دیزاینەکە بڵاوکردەوە.