لە سلێمانی گرووپێکی ئیسپانی میوزیک و گۆرانی فلامینگۆ پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، گرووپێکی ئیسپانی سەما، میوزیک و گۆرانیی فلامینگۆ لە چوارچێوەی کۆنسێرتێکدا پێشکێش بکات.
هەژار زەهاوی، بەڕێوەبەری ماڵی میوزیکیی زەهاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ماڵی میوزیکیی زەهاوی کە ئەمساڵ چالاکییەکانی تایبەت کردبوو بە کۆنسێرت بۆ هونەرمەندان و گرووپە هونەرییە نێودەوڵەتییەکان، دوایین کۆنسێرتی لە سلێمانی ساز دەکات و تایبەت بە میوزیک و گۆرانی فلامینگۆیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمساڵ توانی پێنج کۆنسێرت لە شارەکانی باشووری کوردستان بۆ گرووپە نێودەوڵەتییەکان سازبکات، دوایین کۆنسێرتیشی تایبەت بە هونەری فلامینگۆ کراوە.
زەهاوی، روونیشیکردەوە، بۆ ساڵی داهاتوو چالاکییەکانی ماڵی میوزیکی زەهاوی بە بەرنامە و پلانی جیاواز بەردەوام دەبێت.
کۆنسێرتی فلامینگۆ کاژێر 19:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆڵی تەلاری هونەری سازدەکرێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی ئەو چالاکییە هونەرییە.
ماڵی میوزیکی زەهاوی لە 4 تشرینی دووەمی 2021، بە کۆنسێرتی هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان راگەیێندرا و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ پاڵپشتی کراوە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.