خەلیل شەکرالی دوو سروودی ئایینی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
خەلیل شەکرالی، سروودبێژ و براوەی پێشبڕکێی موناجات لە بەرنامەی پاشیڤی 2022، دوو سروودی ئایینی بە ڤیدیۆکلیپ بڵاودەکاتەوە.
'خالۆی رێبوار' یەکێک لەو دوو بەرهەمەیە کە شەکرالی بڵاویکردووەتەوە و لە تێکستی ئەحمەد موفتیزادە و مەولەوییە و ئاوازی هونەرمەند سەباح هەورامی و فۆلکلۆری کوردییە و کاری میوزیکی لەلایەن سەلام حسێن کراوە.
ڤیدیۆکلیپی بەرهەمەکە لە دەرهێنانی رێبین حەمەئەمینە و لە کوردستان وێنەگیراوە.
خەلیل شەکرالی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرهەمی دووەمی بەناوی 'یا نەبی'یە و لە شاری مەدینە لە سعودییە وێنەگیراوە و رێباز حاجی عەتا کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی بۆ کردووە و لە تێکستی ئاوات ئالانییە و ئاوازی فۆلکلۆرە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی دیکە دەکات کە تۆڕی میدیایی رووداو وەک دیارییەک بۆی بەرهەمدێنێت لە دوای ئەوەی پلەی یەکەمی لە پێشبڕکێی موناجاتی بەرنامەی پاشیڤ بەدەستهێنا.
خەلیل شەکرالی، سروودبێژی گەنج، ساڵی رابردوو لە پێشبڕکێی 'موناجات'ـی بەرنامەی 'پاشیڤ' بەشداربوو کە لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخش دەکرا و توانی ببێتە براوەی پێشبڕکێیەکە.