کارۆ کورد: لە فیلمی 'کارۆ' ورە وەردەگرین بۆ داهاتوویەکی پێشکەوتوو
رووداو دیجیتاڵ
"کارۆ" فیلمێکی نوێی کوردییە و بە هەوڵی تاکەکەسی گەنجێکی کورد بەرهەمهاتووە. کارۆ کورد نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکەیە و رۆڵی تێدا گێڕاوە.
چیرۆکی فیلمەکە لە ئادەمەوە لە بەهەشت دەستپێدەکات، تا دەگات بە نوح پێغەمبەر و ئیبراهیم پێغەمبەر، دواتر باس لە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک دەکات تا دەگات بەم سەردەمە.
کارۆ کورد، دەرهێنەری فیلمەکە، میوانی بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" بوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەو فیلمە ورە وەردەگرین بۆ داهاتوویەکی پێشکەوتوو.
گوتیشی، سەرەتا ویستوویەتی ناوی فیلمەکەی بنێت "کورد"، بەڵام دوای گفتوگۆی لەگەڵ هاوڕێیانی بۆی دەرکەوتووە ناوەکەی بۆ "کارۆ" بگۆڕێت، چونکە رەنگە بەهۆی ناوەکەیەوە رێگری لێبکرێت بەشداریی فێستیڤاڵەکان بکات.
پێشاندانی فیلمەکە لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە سینەمای هەولێر، لە رۆیاڵ مۆڵ دەستپێدەکات.
زەهاوی سنجاوی، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، زۆر سەختە لە رووی سیناریۆیەوە مێژووی نەتەوەکەت لە چاخی بەردینەوە تاوەکو ئەمڕۆ بگێڕیتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی فیلمێک کە لەسەر ئەرکی خۆت بێت.
کارۆ کورد، جگە لەوەی وەک نووسەر، دەرهێنەر، ئەکتەر کاری بۆ فیلمەکە کردووە، کاری جلوبەرگ، میوزیک و گۆرانی، شیعر و تێکست و کۆکردنەوەی زانیاریشی بۆ کردووە، تەواوی تێچووەکەی لەسەر ئەرکی خۆی و خێزانەکەی بووە.
کارۆ کورد ناوی کارۆ محەممەدییە و لە 1999 لە گوندی دزڵیی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە بەشی مێژوو و شارستانییەتی میللەتان لە هەرسێ زانکۆی تاران، خوڕاسان و کرماشان هەیە، دکتۆرای شانازیی میوزیک و دکتۆرای شانازیی مێژووی لە زانکۆی خوڕاسان پێبەخشراوە، ژەنیاری 30 ئامێری میوزیکە. کتێبێکی لەبارەی مێژووی کورد نووسیوە، بەڵام چاپی نەکردووە.