ئەنیمەیشنێک لەسەر ژیانی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) بەرهەمدەهێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە تورکیا فیلمێکی ئەنیمەیشن لەبارەی ژیانی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەرهەمدەهێنرێت و دەبێتە گرانترین و یەکەم ئەنیمەیشن لەو وڵاتە کە بودجەی بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن دۆلارە. 
 
نوروڵڵا یەنیهان، دەرهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بیرۆکەی ئەنیمەیشنەکە بەر لەوەی بێینە نێو ئەم سێکتەرە هەبوو، بەڵام توانای تەکنیکی و توانای دەستخستنی بودجەکەی ئاسان نەبوو، پێم باش بوو لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا بگەینە ئەو کوالێتییەی کە پێویستە. کاتێک ئەنیمەیشنی 'تای 1' و 'تای 2'ـمان بەرهەمهێنا، گەیشتینە ئاستێکی دیاریکراو. هەروەها لە بەرهەمی 'کاپتن' ئاستەکەمان هەندێکی دیکەش بەرزتر بووەوە. دوای ئەوەی لەگەڵ هاوڕێیان هەستمان کرد لە ئاستی پێویستداین، ئینجا قۆڵ و باسکمان هەڵکرد بۆ بەرهەمهێنانی فیلم لەبارەی پێغەمبەر محەممەد (د.خ)".
 
لەبارەی چۆنیەتی دەرکەوتنی پێغەمبەری ئیسلام و دیمەنی فیلمەکە، یەنیهان گوتی: "لە فیلمەکە دا بەهیچ شێوەیەک رووخساری پێغەمبەر نیشان نادەین، ئەمە بۆ ئێمە و جیهانی ئیسلامیش بابەتێکی زۆر هەستیار و گرنگە. ئێمە ئەم کارە لە رێگەی تەکنیکێکی زۆر جیاوازەوە دەکەین، تەنیا لە رێگەی جووڵەی کامێراوە دەزانین پێغەمبەرمان لە چ شوێنێکدایە".
 
روونیشیکردەوە: "فیلمەکەمان کردووەتە سێ بەش، فیلمی یەکەم بە ناوی 'ئەمین'، دووەم بە 'نەبی' و سێیەم بە 'ویداع' کراوە. فیلمی یەکەم لە کاتی بەر لەدایکبوونی پێغەمبەرمان (د.خ) دەستپێدەکات، تا دەگاتە تەمەنی 40 ساڵی". گوتیشی: "لەم فیلمەدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر پسپۆڕی راوێژکار کارمان کردووە. سیناریۆکە لە لایەن فاتیح چیتڵاک و ئایشە سەڤیم ئامادەکراوە و بە هاوکاری و زانیاریی ئەو پسپۆرانە لەبارەی مێژووی ئەو سەردەمە و وردەکارییەکانی ئیسلام نووسراوەتەوە".
 
دەرهێنەری فیلمەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "نزیکەی هەشت مانگە بەردەوامین لە نووسینی سیناریۆکە، ئەم قۆناخی نووسینە ئاسان نەبوو و زۆریش سەخت بوو، چونکە لەسەرمانە رەچاوی تەواوی هەستیارییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بکەین و زانیاریی تەواو و دروست بدەین و نیشان بدەین".
 
نوروڵڵا یەنیهان لەبارەی ئامانج و پەیامی فیلمەکە گوتی: "لە فیلمەکەدا پەیامی زۆر هەن. تەنانەت پەیامەکان بۆ ئەمڕۆشمانە. وابێت ئەو منداڵ، گەنج و تازەپێگەیشتووانەی سەیری ئەم فیلمە دەکەن، هیچ نەبێت ئەو پەیامانەیان پێ بگات و جارێکی دیکە بیر لە زیندووکردنەوە و وابەستەبوون بە ئیسلام بکەنەوە." 
 
گوتیشی "بۆ بەدیهێنانی ئەمەش هەوڵدەدرێت بەرهەمەکان لە زۆر وڵاتی ئیسلامیدا پەخش بکرێت. هەروەها پلانمان وایە لە وڵاتانی ناموسڵمانیش نیشانی بدەین. بۆ ئەم مەبەستە تەواوی رێکارە نێودەوڵەتییەکان دەگیرێنەبەر. پەنا بەخوا کارەکانی بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی نێودەوڵەتی دەکەین".
 
بە بڕوای دەرهێنەر، پڕۆژەکەیان "زۆر ریشەدار و دوورمەدوایە، زیاتر لە 120 کارەکتەری دیالۆگی هەن. ئەمانە لەدوای رێکخستنی شێوازی شوێنەکان، دیزاین و تەواوبوونی سیناریۆکە کاریان لەسەر دەکرێت و قۆناخێکی دوور و درێژە و بودجەیەکی زەبەلاحیشی دەوێت. لەبەر ئەوەی دەمانەوێت فیلمێکی جیاوازی نێودەوڵەتی لەڕووی کوالێتییەوە بەرهەم بهێنین، ئێستا بودجەی دیاریکراو پێنج ملیۆن دۆلارە".
 
لەبارەی ئامانجی فیلمەکە گوتی: "لەم فلمە دەمانەوێت نیشانی بدەین کە نەوەک هەر تەنیا مەککە، بەڵکو تەواوی جیهان لە نێو تاریکاییدا دەژیان. بێگومان لە ماوەی ئەو 40 ساڵەدا، بەتایبەتی تاوەکو دەگاتە ساتی دابەزینی یەکەمین ئایەت، زۆر شت دەبینین لەبارەی پێغەرمان کە بەسەری دێن. دەمانەوێت ئەوە نیشان بدەین کە ئەو ستەمەی لەوکاتەدا دەکرا، ئێستاش لەم رۆژگارەماندا هەر دەکرێت و بەردەوامە. بەتایبەتیش دەمانەوێت جەخت لەسەر گرنگیی ئیسلام بکەینەوە، دەمانەوێت باس لەوە بکەین کە چۆن خۆشەویستمان وەکو نوورێکی هاتە ئەم جیهانە و چیی کرد بۆ مرۆڤایەتی".
 
بڕیارە بەشی یەکەمی فیلمەکە 100 خولەک بێت، دەرهێنەری فیلمەکە پلانی هەیە لە یەکە کاتدا لە تەواوی وڵاتانی موسڵمان پێشانبدرێت "بێگومان بە باکووری عێراقیشەوە".
 
نوروڵڵا یەنیهان دەرهێنەر و سیناریۆنووسی تورکە، لە 1978 لە ناوچەی بەیکۆزی ئیستەنبووڵ لەدایکبووە، دەرچووی بەشی تەکنەلۆجیای پەیوەندییە لە زانکۆی ئیستەنبووڵ. ساڵی 2008 وەکو دەرهێنەری فیلمی ئەنیمەیشن دەستی بەکارکردووە، لە زۆر پڕۆژەدا وەکو دەرهێنەر کاری کردووە، زیاتر لە 12 هەزار خولەک فیلمی ئەنیمەیشنمان بەرهەمهێناوە. هەروەها زیاتر لە 20 بەرهەمی زنجیرەیی ئەنیمەیشین بەرهەمهێناوە، خاوەنی 16 فیلمی سینەماییە، لەم دواییانەش دوایی سەرکەوتنی ئەنیمەیشنی 'تای 1' و 'تای 2' بەرهەمهێنا کە دەنگدانەوەیکی لە سینەماکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبوو".
 
نوروڵڵا بە بەرهەمە سەربەخۆکان دەستی بە کاری سینەما کردووە، بە فیلمەکانی ناسراوە کە بە قووڵی باس لە تەوەری کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە مرۆییەکان دەکات. لە فیلمەکانیدا بە گشتی سەرنجی لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ململانێی تاکەکەسی و ئەزموونی مرۆڤایەتییە.
 
بەرهەمەکانی یەنیهان بە شێوازی دەربڕینی هونەری و بە قووڵایی کارەکتەری سەرنجڕاکێش بەرهەم دەهێنێت، لە سینەمای تورکیادا پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەنگ و رەنگێکی ناوازەی لە دنیای سینەمای تورکیادا بەدەستهێناوە.