یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە نوێترین دیزاینەکانی دیۆر رەنگدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دیۆر نوێترین کۆمەڵە دیزاینی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس بۆ جلوبەرگە گرانبەهاکان خستەڕوو، لە دیزاینەکاندا رەنگدانەوەی یارییەکانی ئۆلمپیاد هەبوو، وەک رێزێک لە یارییەکانی ئۆلمپیاد کە ئەمساڵ لە پاریس بەڕێوەدەچێت.
 
نمایشی جلوبەرگەکە رۆژی دووشەممە 24ـی حوزەیرانی 2024 لە یەکەم رۆژی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس لە مۆزەخانەی رۆدان لە پاریس بەڕێوەچوو.
 
دیزاینەکانی ماریا گراسیا چیوری، دیزاینەری ئیتاڵی، تایبەت بە وەرزی پاییز بوون و بەسەرکردنەوەیەکی هەموو وەرزشڤانان بوو لە سەردەمی کۆنەوە، تاوەکو ئەمڕۆ.
 
لە دیزاینەکاندا کوتاڵی ئاوریشمی گرانبەها و کێش کەم بەکارهاتبوو.
 
دیواری نێو مۆزەخانەکە بە وێنەی وەرزشڤانان رازێندرابووەوە کە لەلایەن فایت رینگگۆڵد، شێوەکاری کۆچکردووی ئەمریکی کێشراون.
 
جێنیفەر لۆپێز، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی، سۆنام کاپوور، ئەکتەری هیندی و دۆجا کات، راپەری ئەمریکی، لە نمایشەکەدا ئامادەبوون.
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس بۆ جلوبەرگە گرانبەهاکان، لە 24 بۆ 27ـی حوزەیرانی 2024 لە پاریس بەڕێوەدەچێت، تێیدا براند و دیزاینەرە جیهانییەکان بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو.