عەدنان کەریم کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند عەدنان کەریم، کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە هەولێر سازدەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە دوایین کۆنسێرتی لەو شارە، لە ئەیلوولی 2022 بوو.
 
ریمۆند عەبود، رێکخەری کۆنسێرتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای ئەوەی لە 16ـی ئەیلوولی 2022 کۆنسێرتێکی سەرکەوتوویان بۆ هونەرمەند عەدنان کەریم سازکرد، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 5ـی ئازاری 2023 کۆنسێرتێکی دیکەی لە هەولێر بۆ سازبکەن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا هونەرمەند عەدنان کەریم گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش بە هەوادارانی دەکات.
 
عەدنان کەریم یەکێک لەو هونەرمەندایە کە کۆنسێرتەکانی پێشوازییەکی بەرچاویان لێدەکرێت و ساڵی رابردوو زنجیرە کۆنسێرتێکی لە باشووری کوردستان سازکرد.
 
عەدنان کەریم، لە 1963 لە کەرکووک لەدایکبووە و خۆی خەڵکی گوندی ژاژڵەی سەر بە ناوچەی شارباژێڕە، جگە لە گۆرانیگوتن، شێوەکارە و زیاتر بەوە ناسراوە کە دەقە شیعرییە کلاسیکییەکانی کوردی دەکاتە گۆرانی، لە 1985 بەشی نیگارکێشانی لە پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە، لە 1991 چووەتە هەندەران و ئێستا لە باشووری کوردستان دەژی.
 
ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەند بەرهەمێکە، لەوانە 13 ئەلبوومی گۆرانی بەناوەکانی: 'بیرتان ئەکەم' لە 1993، 'راز' لە 1995، 'شەوی یەڵدا' 1996، 'ئەڕۆی ئۆغر' لە 1999، 'شنەی با' لە 2002، 'ئەمشەو' لە 2006 لەگەڵ گرووپی کامکاران، 'وەفایی' لە 2010، 'خاتوون' لە 2011، 'بادەی گوڵڕەنگ' لە 2012، 'گوڵی نازدار' لە 2013 و 'بادەی گوڵڕەنگ 2' لە 2015، 'حەبیبە' لە 2017 و 'شەوبا' لە 2019.