نیکۆڵ کیدمەن و زۆوی سالدانا لە پێشاندانی تایبەتی 'Lioness' ئامادەبوون


رووداو دیجیتاڵ

نیکۆڵ کیدمەن و زۆوی سالدانا لە وەرزی دووەمی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "Lioness"ـدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی، پێشاندانی تایبەتی لە سینەما لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بۆ کرا.
 
پێشاندانی تایبەتی زنجیرەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 (چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا) بەڕێوەچوو، جگە لەو دوو ئەکتەرە، بەشێکی دیکەی ستافی بەرهەمەکە ئامادەبوون، لەوانەش مۆرگن فریمەن، ئەکتەری ئەمریکی.
 
زنجیرەکە باس لە ئەرکێکی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی دەکات کە بە "Lioness" ناونراوە؛ دوو ژن بەڕێوەی دەبەن کە سالدانا و کیدمان رۆڵیان دەگێڕن، ئەمجارە "گرووپێکی تیرۆستی" دەکرێنە ئامانج، بەهۆیەوە ناچار دەبن ژیانی خێزانی خۆیان لەبەرچاو نەگرن و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە.
 
بەرهەمهێنانی وەرزی دووەمی زنجیرەکە بەهۆی پێشوازیی بینەران بوو لە وەرزی یەکەمی. 
 
بڕیارە وەرزی دووەمی زنجیرەی "Lioness" رۆژی یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە پلاتفۆڕمی پارامۆنت بڵاوبکرێتەوە.
 
نیکۆڵ کیدمەن، یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانی سینەمای هۆلیوود و جیهانە، براوەی خەڵاتی ئۆسکارە وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، لە پاڵ فیلمە سینەماییەکانیدا، لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ژمارەیەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.