دیزاینەرە پاکستانییەکان کەرستە بەکارهاتووەکان بەکاردێننەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە نمایشێکی جلوبەرگدا لە کەراچی پاکستان، ژمارەیەک دیزاینەری ئەو وڵاتە بەرهەمەکانیان خستەڕوو، لە دیزاینەکاندا کەرستە بەکارهاتووەکان دووبارە بەکارهێنرابوونەوە.
 
نمایشەکە رۆژی چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە چوارچێوەی پێشانگەی "Texpo 2024" بەڕێوەچوو، ئامانجی خستنەڕووی داهێنانەکانی دیزاینەرە پاکستانییەکان بوو لە بواری فاشندا.
 
پاریشا عەدنان، یەكێک لە دیزاینەرە بەشداربووەکانە و دەڵێت، تەواوی نمایشەکە لەبارەی بەردەوامییە و دەرفەتیان بە پەنابەرەکانی ئەفغانستاندا ئێکسسوارات دروست بکەن. بە سوودوەرگرتن لە دووبارە بەکارهێنانەوەی کەرستە سەرەتاییەکانی دروستکردنی کوتاڵ.
 
سانیا ماسکتیا، دیزاینەرێکی دیکەی پاکستانییە و بەرهەمەکانی لە نمایشەکەدا خستەڕوو و رایگەیاند، کۆمەڵێک جلوبەرگی گرانبەهای رەنگاورەنگی خستەڕوو.
 
ئامینە حەیدەر ئیسانی، رۆژنامەڤانێکی بواری فاشنە و لەبارەی چالاکییەکەوە گوتی، ئەم جۆرە نمایشانە بۆ پاکستان گرنگە. گوتیشی، ئەم جۆرە نمایشانە پارێزگاری لە بواری فاشن و داهێنان لە وڵاتەکەیاندا دەکات. 
 
"چنین بەرەو بەردەوامبوون" ناونیشانی نمایشەکە بوو و لە چوارچێوەی پێشانگەی "Texpo" بەڕێوەچوو کە چالاکییەکانی لە 23 تاوەکو 25ـی مانگ بەڕێوەدەچێت و لەلایەن دەستەی بازرگانیی پاکستانی سازدەکرێت.