پەیامێک لە رێگەی شانۆوە لەبارەی بێدەنگیی قوربانییانی دەستدرێژیی سێکسی

رووداو دیجیتاڵ

لە ژێر رووناکییەکی کەمدا لە ژوورێکی تاریکدا، ئۆلیڤیا ئۆدراوگۆ، پارچە قوماشێکی بە خوێنی بەدەستەوەیە.
 
لە نمایشەکەدا هاوار دەکات "بژی کچێک!"، دەنگی تێکەڵ بە دەنگی مۆلیدە بووە، ئەمەش بووەتە پێویستییەکی رۆژانەی باماکۆی پایتەخت و گەورەترین شاری مالی کە رۆژانە چەندین جار کارەبا تێیدا دەپچڕێت. 
 
شانۆگەرییەکە بەناوی "شاژن"ـە و لە ناوەندی رۆشنبیریی "Acte Sept" پێشاندرا، چیرۆکی باس لە کچێک دەکات، لەو شەوەی دایکی شوو دەکاتەوە، هاوژینی نوێی دایکی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەری.
 
ئۆلیڤیا ئۆدراوگۆ، دەڵێت، بەرهەمە شانۆییەکەی بە ئامانجی نەهێشتنی کولتووری بێدەنگی لەبارەی دەستدرێژیی سێکسی؛ نووسیوە.
 
گوتیشی: "ناتوانم تێبگەم، دەستدرێژی دەکرێتە سەرت و بە قێزەون سەیرت دەکرێت... و پێویستە تۆ خۆت لە خەڵک بشاریتەوە!".
 
ئەو ئەکتەرە شانۆییە لە تەمەنی 11 ساڵییەوە چووەتە سەر تەختی شانۆ و لەگەڵ گرووپێکی شانۆیی کاری کردووە کە چەند مەترێک لە ماڵیانەوە دوور بووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نووسینی بەرهەمە شانۆییەکە، تووڕەیی ئەوە لە بەرامبەر ئەوەی قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی لەو بڕوایەدان دەبێت ئەوان بێدەنگ بن بۆ ئەوەی رووبەڕووی ململانێی خێزانی نەبنەوە. گوتیشی: "دەبێت ئەو بەربەستەی بێدەنگییە لە ئەفریقا بشکێنم، ئەو بەربەستانە لێرە زۆرن".
 
ئاداما تراوری، بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیریی "Acte Sept"، لە دوای بینینی نمایشەکە، دەڵێت، هەرچەند شانۆگەرییەکە بەرهەمی خەیاڵە، بەڵام رەنگدانەوەیەکی ریالیتیی تێدایە. 
 
لە مالی توندوتیژی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی بەرفراوان هەیە، بەڵام وەک پێویست سکاڵا لەبارەیانەوە تۆمار ناکرێت، بەپێی راپرسییەکی تەندروستیی کە لەلایەن پەیمانگەی ئاماری نیشتمانی لە مالی لە 2018 ئەنجامدراوە، 45٪ کچان و ژنانی 15 بۆ 49 ساڵ، لە ژیانیدا رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە.
 
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە 68٪ ئەو کەسانە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، بە هیچ شێوەیەک لەلای کەس باسیان نەکردووە.
 
ماریاما ماساکی، بەڕێوەبەری رێکخراوێکی نا حکومییە لە مالی بەناوی "کچێک لە ناخۆشیدا"، دەڵێت، کولتووری بێدەنگی لە مالی بەشێوەیەکی بەرفراوان هەیە.
 
گوتیشی: "دەتوانم بڵێم لە هەر ماڵباتێک کچێک هەیە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووبێتەوە. مالی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییە، بۆیە ئەو قوربانییانە ناچار دەکرێن بێ دەنگ بن و قسە نەکەن".
 
یەکەم نمایشی ئەم بەرهەمە شانۆییە لە 15ـی تشرینی یەکەمی 2024 بوو، بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لە وڵاتی بورکینا فاسۆی دراوسێی مالی نمایشبکرێتەوە.